پێشتر لە موسڵیش هەمان كار كراوە
کێلى دەیان گۆڕ لە دوو گۆڕستانی كەركوک شکێنران
964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک
لە دوو گۆڕستانى کەرکوک، لەلایەن کەسانى نەناسراوەوە دەیان کێلى گۆڕ شکێنراون، یەکێک لە گۆڕەکانیش مێژووەکەى بۆ 126 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
لە گۆڕستانى موسەڵڵا 15 کێل و لە گۆڕستانى تەعلیم تەپە 50 کێل، شکێنراون و هەندێکیشیان سووتاندوون و ئاگریان لەسەر کردوونەتەوە.
میران شێرزاد، کە گۆڕهەڵکەنە لە گۆڕستانى تەعلیم تەپە، بە 964ـى وت، “ماوەى سێ رۆژە دیاردەى شکاندن و شێواندنى کێل و گۆڕەکان لە کەرکوک سەریهەڵداوە، پێشتر ئەوە لە شارى موسڵیش هەبووە و پێدەچێت هەمان دەست و گرووپ لە کەرکوکیش ئەو کارە بکەن”.
ئەو گۆڕهەڵکەنە بۆ 964 ئاشکراى کرد، 50 کێلى گۆڕى گۆڕستانى تەعلیم تەپە شکێنراون، کە یەکێک لە گۆڕەکان تەمەنى 124 ساڵە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، 22 ساڵە لەو گۆڕستانە کار دەکات، بەڵام یەکەمجارە حاڵەتى لەم شێوەیە دەبینێت.
هیچ لە گۆڕستانەکان رووناککەرەوەیان تێدا نییە و پاسەوانى ناکرێن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
عەدنان عەلى، پاسەوانى قوتابخانەیەکى نزیک لە گۆڕستانى موسەڵڵایە و قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”تەنیا شەقامێک لە نێوان قوتابخانە و گۆڕستانەکە هەیە، بەهۆى نەبوونى پاسەوان شوێنەکە بووە بە شوێنى مەیخواردنەوە و هەندێ جاریش کارى نەشیاوى تێدا روودەدات”.
ئاماژەى بەوەشکردن نزیکەى کێلى 15 گۆڕى گۆڕستانەکە شکێنراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح