لە سەنتەری هەولێر
پاشماوەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ 20 تۆن زبڵ و خاشاک بووە
964+
ژووری هەواڵ
ئەو کەسانەی کە بەشداری ئاهەنگەکانی سەری ساڵیان کردووە، لە سەنتەری شاری هەولێر نزیکەی 20 تۆن زبڵ و خاشاکیان لەدوای خۆیان جێهێشتووە و لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزی و خزمەتگوزاری کۆکراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1.1.2025، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای تەواو بوونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ وە بەجێهێشتنی زبڵ و خاشاکێکی زۆر، تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، راستەوخۆ لە شوێنی کۆبوونەوەی هاوڵاتیان ئامادە بوون و دەستکرا بە پاک کردنەوە و شۆردنی شەقام و بازاری سەنتەری شار، تەنها لە سەنتەری شار، نزیکەی 20 تۆن زبڵ و پاشماوە کۆکرایەوە.
“ئەمساڵ بەنزیکەیی رێژی سەدا 40 زبڵ و پاشماوە کەمی کردووە، بەراورد بە پار ساڵ، ئەمەش دەرخەری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەییی هاوڵاتیانمانە”، پارێزگای هەولێر وا دەڵێت.
بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێریش، ئاماری کار و چالاکیەکانی بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەو ساڵەدا بڕی 475 هەزار تۆن زبڵ کۆکراوەتەوە.