دوو جار سەردانی بنكەی پۆلیسی كردووە
مانگێک و 20 رۆژە گەنجێکی قەزای پێنجوێن بێ سۆراغە
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
لە رۆژی 9.11.2024ەوە گەنجێکی تەمەن 17 ساڵ لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و تا ئێستاش سۆراغی نییە، باوكی كوڕەكەش ئاشكرای دەكات كوڕەكەی دوو جار سەردانی بنكەی پۆلیسی كردووە.
بەختیار حوسێن باوکی گەنجەکە بە 964ی راگەیاند، کوڕەکەی سەرقاڵی کاسبی بووە و لە هاوینی ئەمساڵدا سەرقاڵی کرێکاری بووە لە کێلگە کشتوکاڵییەکانی پێنجوێن، دوای تەواوبوونی كاری کشتوکاڵیش چووەتە سلێمانی هەر بۆ کارکردن.
باسی لەوەش کرد، لە سلێمانی لە یەکێک لە کارگەکان کاری کردووە و دوای ئەوە بۆ سەرژمێرییەکە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و هیچ کێشەیەکی نەبووە، دوای تەواوبوونی قەدەغەی هاتوچۆش کە گەڕاوەتەوە سلێمانی، بەردەوام قسەیان کردووە و هیچ کێشەی نەبووە.
“کوڕەکەم کێشەی دەروونی نەبووە و کاسب بوو، لە ماوەکانی پێشوودا بەهۆی کێشەیەکی ئاساییەوە دووجار سەردانی بنکەی پۆلیسی کردووە و ئیدی سەرقاڵی ژیانی خۆی بووە”، بەختیار باوکی گەنجە ونبووەکە وا دەڵێت.
باسی لەوەش کرد، سکاڵای تۆمار کردووە و لە لەلایەن ئاسایشی قەزاکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا