تۆمەتباران دەستگیرکران
لە بەغدا تاوانێکى گەورە ئەنجامدرا و خێزانێکى هەشت کەسى کۆمەڵکوژ کران
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى رەسافە بڵاوى کردەوە، بەماوەى تەنیا 45 خولە توانیویانە “تاوانبارانى” کۆمەڵکوژکردنى خێزانێکى هەشت کەسى دەستگیر بکەن.
بەپێى راگەیەنراوى پۆلیسى رەسافە، دواى ئەوەى هەواڵێکى کوشتنیان لە ناوچەى سەدر پێگەیشتووە، مەفرەزەکانیان چوونەتە شوێنى رووداوەكە و دەرکەوتووە سێ کەس کە لە دایکێک و دوو کچ پێکهاتبوون، کوژراون.
باسیان لەوەش کردووە، تیمێکى لێکۆڵینەوە پێکهێنراو و دواى کۆکردنەوەى زانیارى و هەڵگرتنەوەى کامێراى چاودێرى، توانیان لە ناوچەى (الحميدية الزراعي)ـى بەغداد کە بكوژ تێیدا نیشتەجێیە، هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کرد.
وەک لە راگەیاندراوەكەدا باسکراوە، لە کاتى پشکنینى ماڵەکەدا، پێنج تەرمى دیکە دۆزراونەتەوە کە سەر بە هەمان خێزان بوون کە دایک و دوو کچەکەى کوژراون و بەمەش هەشت ئەندامى خێزانێک لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراون.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەرجەمى ئەو کەسانەى لەو ماڵەدابوون، دەستگیرکراون کە لە پێنج کەس پێکهاتوون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و وتوویانە، جگە لە کوشتنیان دزیشیان لە ماڵەکە کردووە.