لە سلێمانی
بازاڕی تام و چێژ لە بەردەم باخی گشتی کرایەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
بەبۆنی سەری ساڵەوە بازاڕێک بۆ بەرهەمە خۆماڵیەکان بە بەشداری 30 شوێنی جیاواز لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی کراوەتەوە و پیاوانیش لەوێ دەستیان داوەتە یاپراخ خواردن.
لەناو بازاڕەکەدا یاپراخ و بریانی و کفتە و کوبە و شفتە دانراوە و هەرچی بەوێدا تێپەڕێت برسی دەبێت، جوان یاسین یەکێک لە خاوەنکارە بەشداربووەکانی ناو بازاڕەکە بە 964ـی وت، هەموو خواردنە کوردەوارییەکانمان لە یاپراخی گەڵامێو، سڵق و کفتەی ئاسایی و بریانی هەیە، بەڵام زیاتر خواست لەسەر یاپراخە بەتایبەت پیاوان”.
جگە لە خواردن چەندین کاری دەستی و بەرهەمی خۆماڵی جۆراوجۆر نمایشکراون، گەورە و بچوک سەردانیان دەکەن بەتایبەت نەوسنەکان.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح