بۆ مانگی 11
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: بڕیارە ئەمڕۆ کورتهێنانی موچە بنێردرێت
964+
ژووری هەواڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی رابردوو بڕیاردراوە کە ئەمڕۆ دووشەممە کورتهێنانی موچە بۆ مانگی 11 بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
هەرێمى کوردستان مانگانە پێویستى بە 988 ملیار دینارە بۆ موچەی موچەخۆران و بەغدا بۆ مانگى تشرینى دووەم 631 ملیار و 335 ملیۆن دینارى ناردووە، بەو پێیە زیاتر لە 300 ملیار دینار کورتهێنان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30.12.2024، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو باسی ئەو کورتهێنانەیان کردووە کە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستبووە و بڕیارە ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە ئەمڕۆ بنێردرێت.
“بەردەوام لەسەر خەتین لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی ئیتیحاد، ئێستا تەنانەت موچەی زۆربەی دامەزراوەکانی حکومەتی عێراقیش [بۆ مانگی 12] نەدراوە و کێشەی سیولەی نەقدیان هەیە و لە هەوڵدان بۆ چارسەر کردنی”، شاخەوان عەبدوڵا وای وت.
بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی 11 و 12، هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار هەیە.