لە ئەمڕۆوە
بانکی ناوەندیی عێراق پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی کەمدەکاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
بۆ ماوەی دوو رۆژ بانکی ناوەندیی عێراق بڕی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی، کە بریتیە لە نزیکەی 132 هەزار بۆ هەر 100 دۆلارێک، بە گەشتیاران کەمدەکاتەوە.
بەگوێرەی نوسراوێک کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق دەرچووە، بۆ رۆژانی 30 و 31ـی ئەم مانگە، بەڕێژی 50٪ دۆلار بە نرخی فەرمی دەخاتەڕوو، لەکاتێکدا پێشتر ئەو داواکارییەى بانکە حکومییەکان و کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو پێشکێشیان کردبێت بۆ کڕینى دۆلار، 80%یان وەردەگیران.
داواکاری بانکەکان و کۆمپانیاکانیش بۆ وەرگرتنی دۆلار لە پشووی سەری ساڵدا، تەنیا لە رۆژانى 30 و 31ى کانوونى دووەم وەردەگیرێت.
نوسراوەکەی بانکی ناوەندی ئاڕاستەی هەریەک لە بانکەکانی رافیدەین، رەشید، تی بی ئای و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کراوە کە دەتوانن دۆلاریان بە نرخی فەرمی دەستکەوێت و بیدەن بە گەشتیاران.
ماوەی چەند ساڵێکە بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە بە فرۆشتنی دۆلار بە نرخێکی هەرزانتر بە گەشتیاران، ئامانج لەم کارەی زیادکردنی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار.
لەئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەر 100 دۆلارێک بە زیاتر لە 151 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.