قەدەغەكردنی لە بازاڕدا فرۆشتنی نەوەستاندووە

كاسبكارێک: ئەمساڵ تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان بازاڕیان نییە و كڕیارمان كەمە

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە بۆنە و ئاهەنگەكان، بە تایبەت لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵ، تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكانیش دەكەونە بازاڕ، بەڵام فرۆشیارێك دەڵێت بازاڕیان نەماوە،وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییش ئاشكرای كرد، فرۆشیارانی تەقەمەنییەكان رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.

تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان لە بۆنە و ئاهەنگەكان بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی، بەشێک لە خەڵكی بەكاری دەهێنن، بە تایبەت لە شەوی سەری ساڵی نوێ لەناو گەنجاندا بووەتە دیاردە و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.

هادی محەمەد، لەناو بازاڕی سلێمانی فرۆشیاری یارییە ئاگرینەكانە بۆ 964 ئاشكرای كرد، لە دوای كاتژمێر 2:30ی دوای نیوەڕۆ دێنە ناو بازاڕ و مێزەكانیان دادەنێن بۆ فرۆشتنی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان.

ئەو دەڵێت: یارییە ئاگرینەكان دروستكراوی وڵاتی چینن و لەوێ هاوردە دەكرێن، نرخەكانیشیان لە هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تا نزیكی 400 هەزار دینار، بەڵام بازاڕمان بۆ نیوە دابەزیوە.

وتیشی، نزیكی 10 جۆری لە بازاڕدا هەیە و رۆژانە دەفرۆشرێن، لەوانە، (ناپاڵم، سمۆك، فلاش، منەوەر، بۆڕی، كاندی، چكلێت، پەپولە، كراكتەر، كاخ 300)، گرانترینیشیان كاخی 300یە كە نرخەكەی دەگاتە 400 هەزار.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، سبەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی كۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر قەدەغەكردنی بەشێكیان دەدات لە بازاڕدا، فرۆشتنیان و بەكارهێنانیشیان لەلایەن خەڵكەوە قەدەغە دەكرێت.

“ئەوەی كە قەدەغە دەكرێت بەشێك لە تەقەمەنییەكانە، كە خەڵك بێزار دەكەن، بەشێك لە یارییە ئاگریینەكان رێگەپێدراوە و فرۆشتنیان ئاساییە، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە” وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وای وت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە هەولێر ژمارەیەک دوکانداری فرۆشی یارییە ئاگرینەکان ...

لە هەولێر ژمارەیەک دوکانداری فرۆشی یارییە ئاگرینەکان سزا دران