لە رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی کۆریای باشوور تەنیا دوو کەس رزگاریان بووە - وێنە: بی بی سی
سەیرترینەکانیان لەم راپۆرتە ببینە
ساڵی 2024 چەندین رووداوی فڕۆکە هەبوون
964+
ژێوار خدر
ساڵی 2024 چەندین رووداوی فڕۆکەی جیاواز لە جیهاندا روویاندا، کە زیانی گیانی و ماددی بەرچاویان لێکەوتەوە، هۆکارەکانیشیان کێشەی تەکنیکی و بارودۆخی سەختی کەشوهەوا بوون، ئەمەش وایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبکەن بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روودانی رووداوەکان.
رووداوەکان لە کۆریای باشوورەوە تا کازاخستان و بەرازیلیشی گرتەوە و هۆکارەکانیش لەنێوان نیشتنەوەی بەپەلە و کەوتنەخوارەوە لە کاتی گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان جیاواز بوو.
ئەمانەی خوارەوە دیارترین رووداوەکانی کەوتنە خوارەوەی ئەمساڵن
29ـی کانوونی دووەم
فڕۆکەیەکی جۆری بۆئینگ 737ـی هێڵی ئاسمانی جێجوـی کۆریای باشوور بە 181 سەرنشینەوە و لەکاتی گەڕانەوەی لە بانکۆکی تایلەند و ساتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مۆئان لە باشووری رۆژئاوای کۆریای باشوور تێکشکا.
بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا تەنیا دوو کەس لە رووداوەکە رزگاریان بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە یەکێکیان گەشتیار و ئەوەی دیکەشیان لە ستافی فڕۆکەکەیە، مردنی 177 کەسیش پشتڕاست کراوەتەوە و گەڕان بەدوای چەند کەسی دیکەش بەردەوامە.
27ـی کانوونی دووەم
فڕۆكەیەكی مەدەنیی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان لە شاری ئاكتاوی كازاخستان كەوتەخوارەوە و لە ئەنجامدا 35 كەس گیانیان لەدەست دا.
ئاژانسی هەواڵی روسیا، لە وەزارەتی فریاگوزاریی كازاخستانی گواستەوە رایگەیاند، فڕۆكەیەكی مەدەنی سەر بە هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان Azerbaijan Airlines لە نزیك شاری ئاكتاو لە كازاخستان كەوتە خوارەوە و تێكشكا.
9ـی ئاب
فڕۆکەیەکی مەدەنی لە باکوری رۆژئاوای ویلایەتی ساوپاولۆ لە بەرازیل لەکاتی گەشتێکی ناوخۆییدا کەوتە خوارەوە و 62 کەسی تێدابوو و سەرجەمیان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا.
هێڵی ئاسمانی فویباس پشتڕاستیان کردەوە، کە فڕۆکەکە لە کاسکاڤێلەوە لە ویلایەتی پارانا (باشوور) بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی گوارولهۆس لە ساوپاولۆ دەڕۆیشت پێش ئەوەی لە شارۆچکەی ڤینهیدۆ بکەوێتە خوارەوە.
19ەی ئایار
فڕۆکەی بۆینگ 777 لە 19ـی ئایاری 2024 فڕۆکەخانەی هیسڕۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەرەو سەنگافورە بەڕێکەوت، بەڵام لەکاتی فڕینی لە نزیک ئاسمانی میانمار لە ناوچەیەکدا بەر زریان کەوت لە بەرزی 37 هەزار پێدا، کاپتنی فڕۆکەکە باری نائاسایی راگەیاندووە و لە بانکۆک پایتەختی تایلەند نیشتنەوەی بەپەلەی کردووە.
فڕۆکەکە 211 سەرنشین و 18 ئەندامی تیمی فڕۆکەکەی هەڵگرتبوو کە پیاوێکی بەساڵاچوو لە نێویاندا گیانی لەدەست دا و دەیان سەرنشینیش برینداربوون کە برینی 20 لە سەرنشینەکان سەخت بوو.
11ەی ئازار
فڕۆکەیەکی جۆری LATAM Boeing 787-9 Dreamliner لەکاتی گەشتکردن لە شاری سیدنی ئوسترالیاوە بۆ وڵاتی شیلی ناچار بوو لە نیوزلەندا بنیشێتەوە، دوای ئەوەی فڕۆکەوانەکەی بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە کۆنترۆڵی فڕۆکەکەی لەدەستدا.
نیشتنەوەی خێرای فڕۆکەکە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە سەرنشینەکان لە کورسییەکانیان دەربچن سەریان بەر سەقفی فڕۆکەکە بکەوێ ئەمەش وایکردو 50 سەرنشین بریندار ببن کە برینی یەکێکیان سەخت بوو.
بەگوێرەی لێدوانی هێڵی ئاسمانی نیوزلەندا کە چارەسەری بریندارەکانیان کردووە، فڕۆکەکە تووشی زریانێکی بەهێز بووە دوای ئەوەی نزیکەی دوو لەسەر سێی مەودای گەشتەکەی بڕیوە، کە 3 کاتژمێری خایاندووە هێڵی ئاسمانی شیلی رایگەیاندووە، رووداوەکە بەهۆی “کێشەیەکی تەکنیکی”یەوە روویداوە.
5ـی کانوونی دووەم
کابینەی فڕۆکەی بۆینگ 737 ماکس 9ـی هێڵی ئاسمانی ئەلاسکا کە 171 سەرنشین و شەش کارمەندی تیمی فڕۆکەوانی تێدابوو، تەقیەوە و ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ شاری پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگۆن لە ئەمریکا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.
کۆمپانیاکە بەرپرسیارێتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە ئەستۆ گرت و ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا بڕیاریدا پشکنین بۆ 40 فڕۆکەی هەمان جۆر بکات پێش ئەوەی رێگە بە گەشتکردنیان بدات.
لە کاتێکدا ئەم رووداوانە جێگەی نیگەرانین، گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە گەشتە ئاسمانییەکان بە یەکێک لە سەلامەتترین شێوازەکانی گواستنەوە دادەنرێن لە دنیادا. توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی پەیمانگای ماساشوستس بۆ تەکنەلۆژیا (MIT)دەری دەخات؛ مەترسی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە لە ئاسماندا لە نزمترین ئاستدایە بەرێژەی سەدا یەک لە 13.7 ملیۆندا.
رووداوێکی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە دنیا سەرقاڵ دەکات