ئۆفیسی سلێمانی: چاوەرێی گەشتنی پارەکەین
جومانە غەلای بۆ 964: لە رێگەی TBI پارەی کارمەندانی سەر سندوق دەنێردرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
پارەی کارمەندانی سەر سندوق، ئەوانەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان بە گرێبەست وەرگیران، لە رێگەی بانکی بازرگانی عێراقی TBI، بڕە پارەکانیان بۆ دەنێردرێ و ئۆفسی سلێمانی کۆمسیۆن بە 964 وت، چاوەڕیی گەشنی پارەکەن.
ئەوانەی فەرمانبەری حکومەت بوون بە 150 هەزار دینار و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان 250 هەزاریان بۆ خەرج کراوە.
بڕیارە لەگەڵ تەواوکردنی رێکارەکان بڕە پارەکە بگات، چونکە ئەنجومونی کۆمسیاران واژۆی ناردنەکەیان کردووە،جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 28.12.2024 بە 964ی وت، بە دڵنیایی تا هەفتەی ئایندە، بە گوێرەی سنوری جوگرافی پارێزگەکان، بڕە پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن بۆ ئۆفیسەکانمان لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی دەگوازرێتەوە.
لەگەڵ گەشتنی بڕە پارەکان، ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کە ئۆفیسی گشتی کۆمسیۆنی لێیە، پارەکان وەردەگرن و دەیگەیەنن بە ژمارەیەک بانکی حکومی تا کارمەندە گرێبەستەکان بچن پارەکانیان وەربگرن.
964 پەیوەندی بە لقی سلێمانییەوە کرد، ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە 964ی وت، ئاگادارن هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی کۆمسیارانی رەزامەندی لەسەر بڕە پارەی کارمەندانی گرێبەستی رۆژی دەنگدان بەخشیوە، بەڵام دەبێت ئەو بڕە پارە بخرێت سەر هەژماری بانکیمان لە بانکی بازرگانی عێراقی TBI.
ئۆفیسی سلێمانی، 18 بانکی بەگوێرەی سنووری جوگرافی ناوچەکان (ناوەندی سلێمانی، ناوەندی هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) دیاری کردووە تا پارەی کارمەندانی بۆ بگوازێتەوە و و ئەوان بیگەیەنن بە دەستی کارمەندەکان، ئامانج عەزیز بە 964ی وت، ئەو بانکە حکومین و هەردوو فەرمانبەرانی حکومەت و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە رێگەیەوە حەقەکانیان پێ دەدرێ.
ئەمڕۆ شەممە 28ی 12 ی2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند: سبەینێ یەکشەممە لە رێگای بانگی TBI یەوە، شایستە داراییەکانی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەگاتە هەرێم.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای گەیشتنی پارەکە نوسینگەکانی کۆمسیۆن لە هەرێم پارەکە وەردەگرن و بەسەر ئەو کارمەندانەندا دابەشیدەکەن کە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردبوو.