سەرۆك وەزیرانی سەردەمی مەلیك

ماڵەكەی رەشید عالی گەیلانی پاكدەكرێتەوە

بەغداد – میدیازان

کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش دەستپێشخەرییەکیان کردووە بۆ پاکردنەوە و نۆژەندکردنەوەی خانووەکەی سەرۆک وەزیرانی سەردەمی مەلەکی (ڕەشید عالی گەیلانی).

عەلی زیاد کە ئەندامێکی تیمە خۆبەخشەکەیە بۆ میدیازان وتی “کارەکانمان لە ناو تیمی (گرین هاند) بریتییە لە لابردنی خۆڵ و خاشاک لە ناو خانووەکە، هەروەها چاندن و بوژاندنەوەی نەمام و درەختەکان و چاکردنەوەی ئەوەی تێکدرابوو، هەموو ئەمانەش لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆمان ئەنجامی دەدەین”.

ئەسماء ئەلشالجی کە ئەندامە لە تیمی “ئەنقیا‌‌ء ئەلعێراق” بۆ میدیازان ئەوەی ئاشکراکرد کە “ئەم هەڵمەتە شوێنەوارە مێژووییەکانی تری بەغدادیش دەگرێتەوە، لەپێناو پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراق”.

شایەنی باسە ڕەشید عالی گەیلانی بە ناودارترین سیاسییەکانی عێراق دادەنرێت لەسەردەمی مەلیکدا، هەر لەوسەردەمەدا سێ جار پۆستی سەرەک وەزیرانی پێدراوە، خانووەکەشی کەلەساڵی 1925 دروستکراوە دەکەوێتە ناوچەی ئەعزەمییە لە باکوری بەغداد، لەساڵی 2013 وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەم خانووەی کردە مۆزەخانە و دوای دوو مانگ لەو بڕیارە دەرگای ماڵەکە بەڕووی خەڵکدا داخست، پێش ئەوەی لە ساڵی 2020 وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ بەکارهێنانی لەلایەن هەندێک لە گروپە موزیکییەکان بۆ ئەوەی کۆنسێرتەکانیانی تیا ساز بکەن بەرامبەر بە کرێیەکی دیاریکراو کە داهاتەکەی بۆ وەزارەت دەگەڕێتەوە.