قوتابخانەکانی سۆران ترێندی شوکولاتە پێچەوانە دەکەنەوە
کتێب دەبەخشرێتە قوتابیان
قوتابخانەکانی سۆران ترێندی شوکولاتە پێچەوانە دەکەنەوە
964+
ژوولی عەدنان
لە سنووری پەروەردەی سۆران ماوەیەک پێش ئێستا قوتابیان دەستیان کرد بە لاساییکردنەوەی ترێندی جیهانی شوکولاتە بەخشین بە مامۆستا، بەڵام پەروەردەی سۆران رێی لێگرتن و لە بری ئەوە ترێندی بەخشینی کتێبی داهێنا.
ترێندی شوکولاتە بەخشین جیهانییە و لە رێگەی سۆشیال میدیاوە منداڵان بینیویانە، مامۆستا چاوی دادەخات و هەردوو دەستی دەکاتەوە و قوتابیان پسکیت و چوکلێت و شوکولاتە دەخەنە ناو دەستییەوە و لە سۆشیال میدیا ڤیدیۆکەی دادەنێن، ماوەیەکە لە کوردستانیش بووە بە باو.
ئەحمەد محەمەدئەمین بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سۆران بۆ 964 وتی، ” قوتابیان خۆیان ترێندی شوکولاتەکەیان هێنابووە قوتابخانەکانەوە، ئێمەش لەبەر رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی خێزانەکان رامانگرت، چونکە لەوانەیە هەندێک قوتابی نەتوانێت بەشداری بکات و پێی ناخۆشبێت”.
وتیشی، ”لە بری ئەوە بە شێوەیەکی خۆبەخش و ئارەزوومەندانە ترێندی گۆڕینەوەی کتێبمان دانا، چونکە سوودی بۆ قوتابیان دەبێت و ئاستی مەعریفییان بەرز دەکاتەوە”.
باسی لەوەشکرد، ”ترێندەکەیان پێچەوانە کردووەتەوە”، مامۆستایان بە ئارەزوومەندانە کتێب دەبەخشنە قوتابیان و کتێبەکان بابەتی جیاوازی رۆمان و مێژوویین، بە شێوەیەک سوودی بۆ زیاترکردنی زانیاری قوتابیان هەبێت.
”ژمارەیەکی بەرچاوی قوتابخانەکان لە ترێندی گۆڕینەوەی کتێب بەشدارییان کردووە، بەڵام وێنە و ڤیدیۆمان لە سۆسیال میدیا دانەناوە، چونکە لە پێناوی بەخشینی زانست کردوومانە نەک بڵاوکردنەوە”، ئەحمەد محەمەدئەمین وای وت.
باسی لەوەش کرد، ترێندەکە بۆ هەموو تەمەنێکە و مامۆستایان بەپێی تەمەنی قوتابیان کتێبەکانیان بۆ هەڵدەبژێرن.