پاڵەوان وەك پێویست دەرنەكەوت
جامی كەنداوی 26: عێراق بە زەحمەت لە یەمەنی بردەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵبژاردەی عێراق ئەم ئێوارەیە یەكەم بردنەوەی بۆ خۆی و بۆ پاڵەوانیەتیی جامی كەنداوی 26 تۆمار كرد، بەڵام بە تاكە گۆڵێك لە هەڵبژاردەی یەمەنی بردەوە.
پاڵەوانیەتییەكە لە كوێت بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردەی عێراق تا خولەكی 64 چاوەڕێی كرد، تا توانیان گۆڵێك لە محەمەد ئەمانی گۆڵپارێزی یەمەن تۆمار بكەن، كە پاڵەوانی یارییەكە بوو، چەندین تۆپی مەترسیداری لە گۆڵەكەی دوورخستەوە.
هەڵبژاردەی عێراق بە شێوەی بەراوردكاری بە هەموو شێوەیەك لە هەڵبژاردەی یەمەن باشترە، بەڵام ئەم ئێوارە عێراق زۆر بە زەحمەت توانی بەربەرستی بەرگریی یەمەن بشكێنێت و بە پاسێكی ئەمجەد عەتوان، ئەیمەن حوسێن بە لێدانی سەر گۆڵی تۆمار كرد.
عێراق یەكەم سێ خاڵی لە كۆمەڵەی دووەم بەدەستهێنا و یەكەم بردنەوەش بوو لە پاڵەوانیەتییەكە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو هەردوو یاریی رۆژی یەكەمی پاڵەوانیەتییەكە بە یەكسانبوون كۆتاییان هات.
عێراق براوەی نازناوی رابردووی جامەكەیە، كاتێك پاڵەوانیەتییەكە لە بەسڕە بەڕێوەچوو، ئێستاش تیپەكە چاوی لەوەیە پارێزگاری لە نازناوەكەی بكات، بەڵام پێدەچێت ئەركی ئاسان نەبێت و یارییەكانی داهاتووی لەگەڵ ركابەریی بەهێزترە، كە بەحرێن و سعودیەن.
هەڵبژاردەی عێراق براوەی نازناوی رابردووی جامەكەیە لە ساڵی رابردوو، كە لە بەسڕە كرا، پێشتریش لە ساڵانی 1979 و 1984 و 1988 نازناوەكەی بەدەستهێناوە، هەروەها دووجار لە ساڵانی 1976 و 2013 پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
جامی كەنداوی ئەمجارە، وەشانی 26مینە و لە كوێت دەكرێت، دوێنێ ركابەرییەكان دەستیپێكرد، كە 8 هەڵبژاردە بەشدارن و بەسەر دوو كۆمەڵە دابەشكراون.
كۆمەڵەی یەكەم: كوێت، عومان، ئیمارات و قەتەڕ
كۆمەڵەی دووەم: عێراق، یەمەن، سعودیە و بەحرێن.
یارییەكان تا رۆژی 3.1.2025 بەردەوام دەبن.