لە سەروچاوە

شارەوانى بە چەوڕێژکردنى کۆڵانێک هاتوچۆى خاوەن پێداویستییەکى تایبەتى پەکخست

964+

وریا فەتاح

دواى ئەوەى شارەوانى سەروچاوە کۆڵانێکى ناحیەکەى چەوڕێژ کردووە، بەربەستى بۆ هاتوچۆى خاوەن پێداویستییەکى تایبەت دروست کردووە و ناتوانێت لە ماڵەوە بچێتە دەرەوە و داواى چارەسەر دەکات.

“دایکم پێى وتم، ئەو کاتەى منداڵ بووى تازە دارە دارت دەکرد و خەریک بوو لەسەر قاچەکانت بڕۆى، بەڵام بردمانى بۆلاى دکتۆرێک بۆ کوتان و دکتۆرەکە دەرزى بەهەڵەى بۆ بەکارهێناى و ئیتر لە قاچ کەوتى و لەو رۆژەوە لەسەر قاچەکانت نەوەستایتەوە، بەڵام باوکم کۆڵى نەدا و بە ئامێزى خۆى هەرچى دکتۆرە لە سلێمانى گەڕا تا چارەسەرم بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام هەمووان وتبویان چارەسەرى نییە”، ئەمە چیرۆکى هەوراز حوسێنى تەمەن 29 ساڵى دانیشتوى ناحیەى سەروچاوەیە کە ئێستا لەسەر کورسى کەمئەندانى ژیانى رۆژانەى بەڕێ دەکات.

چەند رۆژێک لەمەوبەر شارەوانى سەروچاوە هەستاوە بە چەوڕێژکردنى کۆڵانەکەیان بۆ ئەوەى لە قوڕ و چڵپاو رزگاریان بێت، بەڵام ئەمە دەبێتە بەربەست بۆ هەوراز و ناتوانێت لەناو ئەو چەوە بە عەرەبانەکەى بڕوات و هاتوچۆ بکات.

ئەو گەنجە لە رێگەى 964ـەوە داواکاریی سەرۆکایەتى شارەوانى سەروچاوە هەیە و داوا دەکات چارەسەرێکى بۆ بدۆزنەوە، چونکە وەکخۆى دەڵێت، ناتوانێت لەو تێکەڵە رێژەیە بە عارەبانەکەیەوە هاتوچۆ بکات و ترسى ئەوەشى هەیە کورسییەکەى لێ خراپ ببێت و وەکخۆى دەڵێت دواى ئەوە کەس نییە بۆى چاک بکاتەوە.

ئەو باسى لەوەکرد، کۆڵانەکەیان نزیکەى 100 مەترێکە، هیوادارە قیر یان کۆنکرێت بکرێت تا ئەویش وەک خەڵکانى دیکەى گەڕەکەکە بەبێ کێشە هاتوچۆى تێدا بکات.

پەرلەمانێکی بێ خاوەن پێداویستى تایبەت

پەرلەمانێکی بێ خاوەن پێداویستى تایبەت