"دڵمان لاتانە"

سەرۆکى هەرێم و حکومەت پەیامى هاوخەمى ئاراستەى ئەڵمانیا دەکەن

964+

وریا فەتاح

هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى حکومەت، لەسەر هێرشەکەى ئێوارەى دوێنێى بازاڕێکى سەرى ساڵى ماگدێبورکى ئەڵمانیان پەیامى هاوخەمیان، ئاراستەى ئەو وڵاتەکرد.

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕى ئێکس بڵاوى کردووەتەوە نوسیویەتى،”به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌كه‌م كه‌ دوێنێ ئێواره‌ بازاڕێكى سه‌رى ساڵى له‌ ماگدێبورگ له‌ ئه‌ڵمانيا به‌ ئامانج گرت، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا بير و دڵمان لاى كه‌سوكارى قوربانييانه‌ و هاوسۆزى گه‌لى ئه‌ڵمانياين. هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خواين”.

لاى خۆیەوە، مەسرور بارزانى لە پەیامێکدا کە لە فەیسبوک بڵاوى کردووەتەوە، دەڵێت: دڵگرانم بە هێرشە ترسناکەکەی سەر بازاڕی کریسمس لە شاری ماگدێبۆرگ لە ئەڵمانیا.

سەرۆکى حکومەت وێڕاى پرسەو سەرەخۆشى بۆ گەل و حکومەتى ئەڵمانیا، نوسیویشیەتى،”لەم کاتە سەختەدا بیرم لای قوربانییان و کەسوکارەکانیانە”.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، ئۆتۆمبێلێک بەخێراییەکی زۆر خۆی کرد بە بازاڕێکی کریسمسدا لە شاری ماگدێبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا، کە قەرەباڵخییەکی زۆری تێدابوو و بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا، 68 کەس بریندار بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستدا.