دکتۆرەکەی شۆڕشی ئەیلول و منداڵانی هەولێر لە تەمەنی 91 ساڵیدا گیانی سپارد

+964

فەرمان سادق

کەمێک پێش ئێستا دکتۆر خورشید دزەیی کە بە دکتۆری شۆڕشی ئەیلول ناسراوە، لە تەمەنی 91 ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

سنوور دزەیی، کوڕی دکتۆر خورشید دزەیی، نزیکەی کاتژمێرێک پێش ئیستا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵی گیان لەدەستدانی باوکی بڵاوکردەوە، کە “باوکی نازدارم مرد”.

دکتۆر خورشید ئیبراهیم ئەمین دزەیی، ساڵی 1932 لە گوندی نۆغەران لە دەشتی هەولێر لە دایکبووە. هەر لەو گوندەدا گەورە دەبێت و دەچێتە قوتابخانە، بەڵام بەهۆی زیرەکییەوە لە قۆناغی سەرەتاییدا لەسەر ئاستی هەولێر یەکەم دەبێت.

ساڵی 1953، لە کۆلێژی پزیشکی زانكۆی بەغدا دەست وەردەگیردرێت، ساڵی 1968 دیبلۆمی پزیشکی منداڵان لە لەندەن به‌دەستدەهێنێت.
دکتۆرەکەی شۆڕشی ئەیلول، لەگەڵ وەرگیرانی لە زانکۆی پزیشکی لە ساڵی 1953، هەر هەمان ساڵ پەیوەندی بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات.

ساڵی 1974، دوای تەواوکردنی خوێندن و گەڕاونەوەی بۆ کوردستان، لەگەڵ هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی نێوان کورد و حکومەتی عێراق، دەبێتە پێشمەرگە و لە نزیکەوە مەلا مستەفای بارزانی دەبینێت.

وەکو دکتۆرێک، سەرپەرشتی خەستەخانەی شۆڕشی ئەیلوول دەکات و چارەسەری پێشمەرگە و خانەوادەی پێشمەرگەکان دەکات، تەنانەت دەبێتە پزیشکی تایبەتی خانەوادەی بارزانی.

ساڵی 1975، دکتۆر خورشید دزەیی دەچێتە ئێران و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، دوای گەڕانەوەی بۆ هەولیر لەلایەن رژێمی بەعسەوە نەفی دەکرێت بۆ شاری سەماوە، دواتر جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و وەک پزیشکێکی منداڵان نۆرینگەیەک دەکاتەوە، زۆرینەی منداڵانی هەولێر بە تایبەت نەوەی هەشتاکان، رۆژێ لە رۆژان وەک نەخۆش برانەتە بەردەستی دکتۆر خورشید و لەسەر دەستی ئەو چارەسەریان وەرگرتووە و چاکبووەتەوە.

دکتۆر خورشید، کە پارساڵ بە دیاریکراوی لە 27ـی شوباتی 2022، هاوژینەکەی گیانی لەدەستدا، خۆیشی دوای ساڵێک بەسەر گیان لەدەستدانی هاوژینەکە، ئەمڕۆ گیانی سپارد.