نزیكەی پێنج ئۆتۆمبێل بەیەكیاندادا
دوو رووداوی هاتوچۆ جوڵەیان لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر پەكخست
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەم بەیانییە لە شەقامی 120 مەتری بۆ زیاتر لە 30 خولەك هاتوچۆ لە دیوی شەقامی كەركوك بۆ رێگای موسڵ پەكی كەوت، ئەمەش بەهۆی روودانی دوو رووداوی هاتوچۆ و پێكدادانی نزیكەی پێنج ئۆتۆمبێل.
چەند كارمەندێكی تۆڕی 964 كە بۆ دەوام هاتوون، بەسەر رووداوەكاندا هاتوون، كە لە دەوروبەری كاتژمێر 7:30 خولەك روویانداوە، یەكێكیان نزیك شوقەكانی جیهان سیتی بوو، كە سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت بەیەكیانداداوە.
هەروەها چەند سەدمەترێك لەولاتر، رووداوێكی دیكە زووتر روویدابوو، كە دوو ئۆتۆمبێل بەیەكیاندادابوو.
964 دەستی بە زانیاریی تەواو لە بارەی هەردوو رووداوەكە نەگەیشتووە و دیار نییە زیانی گیانی هەبووە یان نا، بەڵام زیانەكانی ماددی زۆر بوون و بەر چەند ئۆتۆمبێلێكیان كەوتبوو، لەوانە دوو پیكاب و هۆندایەك و كیایەك.
964 پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر عەقید هێمن حەمەدئەمین كرد، ئەویش رایگەیاند، خەریكی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیارییەكانن و هێشتا بە تەواوی زانیارییەكانی كۆنەكردووەتەوە و دواتر وردەكارییەكان بڵاودەكەنەوە.
964 دەزانێت ئەوانەی رێگایان بەسەر شەقامی 120 مەتری بوو لە هەولێر بەو بەیانییە و بەو ئاراستەیە رۆیشتوون، كێشەی زۆریان بۆ دروست بوو، چونكە جوڵەی هاتوچۆ بە تەواوی پەكی كەوتبوو.