پڕۆژه‌یه‌كى نوێیه له هه‌رێم
پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون پابه‌ند ده‌كرێن كتێبخانه له‌ناو پڕۆژه‌كانیان دابنێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كتێبخانه گشتییه‌كانى هه‌رێم، پڕۆژه‌یه‌كی نوێى له‌به‌رده‌سته، به‌هۆیه‌وه سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون له هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌كات كه له‌ناو پڕۆژه‌كانیاندا كتێبخانه دابنێن.
پڕۆژه‌كه، له وه‌زاره‌تى رۆشنبیری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى كتێبخانه‌كانه و ئامانجیش لێی بوونى كتێب و خوێندنه‌وه‌یه‌تى له سه‌رجه‌م شوێنه‌كان.
دیاری وه‌ستا عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى كتێبخانه‌كانى هه‌رێم بۆ 964 ئاشكراى كرد، كه پڕۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌یان له‌به‌رده‌سته و هێشتا نه‌خراوه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
وتیشی “ده‌مانه‌وێت خاوه‌ن پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبوون پابه‌ند بكه‌ین بۆ دابینكردنى شوێنێك له‌ناو پڕۆژه‌كانیان بۆ كتێبخانه”.
به‌پێی ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه خاوه‌ن پڕۆژه‌كان پێویسته له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆیان كتێبخانه و كتێبه‌كان دابین بكه‌ن، هه‌ر لای خۆشیانه‌وه سه‌رپه‌رشتیارێك دابینێن.
“ده‌مانه‌وێت دانانى كتێبخانه له‌ناو ئه‌م پڕۆژانه بكه‌ینه مه‌رج به‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان” ئه‌مه‌ش قسه‌ى دیاری وه‌ستا عه‌زیزه بۆ 964.
پێشتریش كتێبخانه گشتییه‌كان، كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه پێویسته له سه‌رجه‌م داموده‌زگا فه‌رمییه‌كانى هه‌رێم كتێبخانه هه‌بێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌زاره‌تێك كۆبووه‌ته‌وه و نزیكه‌ى دوو هه‌زار كتێبیشیان پێشكه‌شی چه‌ند ناوه‌ندێكی حكومى كردووه.