گۆڤاری پێنوسەکانی هەژین وێنە: 964
لە قوتابخانەیەکی پشدەر
قوتابی و مامۆستا بەیەکەوە گۆڤارێک دەردەکەن
964+
ژێوار خدر
قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە قەزای پشدەر بە قوتابی و مامۆستاکانییەوە گۆڤارێک دەردەکەن و لەم رێگەیەوە دەیانەوێت هانی قوتابییان بدەن بۆ خوێندنەوە و نوسین.
کاروان حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی هەژینە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، گۆڤارەکەمان ناوی پێنووسەکانی هەژینە و ئەمە دووەمین ژمارەیەتی کە تا ئێستا بڵاومان کردووەتەوە.
وتیشی، گۆڤارەکە گۆڤارێکی پەروەردەیی و رۆشنبیری گشتییە، ساڵانە ژمارەیەکی لی دەردەچێت و ستافێک لە مامۆستایانی سەرپەرشتی دەکات، لە 86 لاپەڕە پێکهاتووە و زیاتر لە 43 بابەتی لە نووسین و بابەتی مامۆستایان و قوتابییانی لەخۆگرتووە.
روونیشێکردەوە، قوتابیانی هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی نوسینەکانییان لە گۆڤارەکەدا بڵاو دەکەنەوە و بابەتاکانی هەمەجۆرن و بەتایبەتیش گرنگی دەدەین بە بابەتی پەروەردەیی دەروونزانی.
“ئامانجمان لە دەرکردنی گۆڤارەکە هاندانی زیاتری قوتابییانە بۆ خوێندنەوە و نوسین” کاروان حسێن وای وت.
ئامادەیی هەژین لە ساڵی 2021 لە قەلادزێ دامەزراوە و زیاتر لە 310 قوتابی هەیە لە بەشەکانی وێژەیی و زانستی.