هەولێر
گۆشەیەکى تایبەت بە کۆریای باشوور لە زانکۆی تیشک کرایەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە كتێبخانەی زانکۆی تیشک لە هەولێر، گۆشەیەکى تایبەتى بە كتێب و فەرهەنگی کۆریای باشوور کرایەوە.
رێوڕەسمی كردنەوەی گۆشەكە، ئەمڕۆ دووشەممە 16.12.2024 بەڕێوەچوو، كە وەك لە راگەیاندنی پارێزگای هەولێردا هاتووە، كردنەوەی گۆشەی كۆریای باشوور Korea Corner بە مەبەستی گەیاندنی زانیاری و بەخشینی سەرچاوەی زانستی و کۆرسی خوێندنە، کە وەک ناوەندێکی زانیاری دەیان کتێبى لە بوارە جیاکانى زانستی و مەعریفى لە خۆگرتووە و دەبێتە سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ خوێندكارانی زانکۆکە.
ئاماژە بەوەش كراوە، هەریەكە لە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، کونسوڵی گشتیی کۆماری کۆریای باشور لە هەولێر سینگچۆل لیم و فەلاح مستەفا، راوێژکارى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى زانکۆ و مامۆستا و خوێندكاران ئامادەی رێوڕەسمەكە بوون.
كردنەوەی گۆشەی كۆریای باشوور لە زانكۆی تیشك، دوای ئەوە دێت، چەند رۆژێك لەمەوبەر گۆشەی كتێبی فەرەنسی لە زانكۆی كوردستان كرایەوە.