"بەغدا نایاتە ژێر بار"
خانەنشینانی سەربازی موچەی مانگی 10 و 11ـش بە هاوتانەکراوی وەردەگرن
964+
ژووری هەواڵ
سبەی سێشەممە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 10 دەکرێت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینی پێشمەرگەش دەڵێت، بۆ مانگی 10 و 11ـش خانەنشینانی سەربازی موچەکانیان بە هاوتانەکراوی وەردەگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 16.12.2024، هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینی پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، لیستی موچەی خانەنشینانی سەربازییان بە هاوتاکراوی ناردووە بۆ بەغدا، بەڵام “حکومەتی عێراق نایاتە ژێر بار” و موچەی ئەو توێژە بۆ مانگی 10 و 11ـش بە هاوتانەکراوی دابەشدەکرێت.
“بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لەسەر ئەم کێشەیە کۆببنەوە”، هادی ئەکرەم وای وت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، موچەکانیان لە 270 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو دوو ملیۆن و 100 هەزار دینار دەڕوات.