پلانی گردبوونەوەیان هەیە
کوردەکانی بەریتانیا رێککەوتنی دیپۆرتکردنەوەکە رەتدەکەنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
سبەی دووشەممە 16.12.2024، سێ رێکخراو و چالاکوانە کوردەکانی بەریتانیا لە بەردەم پەڕلەمانی وڵاتەکە پلانی گردبوونەوەیان هەیە، یەکێک لە چالاکوانەکان بە 964ی وت، دژی رێککەوتنی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانن و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
مانگی رابردوو، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئێڤێت کوپەر، بە سەردانێکی سێ رۆژی سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق کۆبووەوە، رێکەوتنێکی چەند خاڵیان واژۆ کرد، یەکێک لە خاڵەکان دیپۆرتکردنەوە و ناردنەوەی سەرجەم ئەو عێراقیانەیە کە کەیسەکانیان داخراوە، وە مافی پەنابەریان رەتکراوەتەوە.
ئاوات جەمال ساڵح، چالاکوانی کورد ئەمڕۆ یەکشەممە 15.12.2024 بە 964ی وت، ئەو رێککەوتنە، سەرەڕای ئەوەی دژی یاسای مافەکانی مرۆڤ و مافی پەنابەری نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپایە، لامان روونە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن هیج خاڵێکی رێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، کە بەیەک پاکێج باس لە ژیانی دیپۆتکراوەکان و قۆناغی پاش گەڕانەوەیان کراوە.
بڕیارە، حکومەتی بەریتانیا، بۆ دەستگیرکردنی باندە قاچاخچیە کورد و عێراقیەکان کە کۆچبەران رەوانەی بەریتانیا دەکەن، بڕی 300.000 پاوەند دەدات بە عێراق و 200.000 پاوەند دەداتە هەرێمی کوردستان، هەروەها بە پێی هەمان رێککەوتن، لە بەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کورد و عێراقی روو لە بەریتانیا دەکەن، لەمەو دوا هەر کۆچبەرێک مافی مانەوەی لە شانشینی بەریتانیا رەتبکرێتەوە بە شێوەیەکی ئاسان و راستەوخۆ دیپۆرتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
ئاوات جەمال ساڵح وتی، ئەو بڕە پارە کە حکومەتی بەریتانیا دەیبەخشێ بە عێراق و هەرێمی کوردستان، جێگەی گومان و تێڕامانە، چونکە بڕێکی زۆر کەمە، بۆیە لە ئێستادا حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە ئەوە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆیان، کار بۆ ئەوە دەکات رێککەوتنە بەخێرایی جێبەجێ بکات.
لە بارەی چالاکوانە کوردەکان، ئەو چالاکوانە وتی، بەشێک لە عێراقییەکان بە کورد و عەرەبەوە، ساڵانێکی زۆرە لە دەست کۆمەڵێک هۆکار پەنابەر بوون، هەندێکیان کەیسی سیاسییان هەیە و لە زوڵم و ستەمی گروپت چەکداری یان پارتێکی سیاسی دەترسن و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، زۆرجار کاربەدەستانی عێراق و هەرێم سەردانی بەریتانیایان کردووە و ئەوان خۆپیشاندانیان دژیان کردووە.
ئەو رێکخراوانەی، کە بڕیارە سبەی دووشەممە لە بەردەم پەڕلەمانی بەریتانیا لە لەندەنی پایتەخت گردبوونەوە بکەن، هەرسێ رێکخراوی حەڤدەی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەنجومەنی چالاکیی کوردانی بەریتانیا و فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقن، داواکاری سەرەکییان، وەستاندن و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەیە، کە حاڵێکدا هیچ داتایەکی دروست دەربارەی پەنابەرانی عێراقی لەو وڵاتە بەردەست نیە.