لە قائیمەوە هاتنە عێراق
ئەفسەر و سەربازە هەڵاتووەکان داوای گەڕانەوە بۆ سوریا دەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی سوپای سوریا، کە لە رۆژی 7ـی ئەم مانگەدا لە دوای رووداوەکانی ناوخۆیی وڵاتەکە و لە دەروازەی قائیمەوە هاتنە ناو عێراقەوە، داوای گەڕانەوە دەکەن بۆ وڵاتەکەیان.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەو سەرباز و ئەفسەرانە سەر بە لیوای 103ـی گاردی کۆماریی و پاسەوانی سنوور و گومرک بوون و ژمارەیەک هاوڵاتی فەرمانبەری مەدەنیشیان لەگەڵدایە.
بە قسەی روانگەی سوری لە راگەیەندراوێکدا داوایان کردووە، پەیوەندیی بکەن بە باڵیۆزی سووریاوە لە عێراق، بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە چۆنێتی گەڕانەوە بۆ سوریا.
روانگەی ئەمڕۆ شەممە 14.12.2024، ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، تا ئێستاش بە سەدان ئەفسەر و سەرباز لە ناوخۆیی خاکی سوریادا، چارەنووسیان نادیارە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ناوچەی بادیەی سوریا دیارنەماون، نازانرێت دەستبەسەر کراون یان نا.
رۆژی 7.12.2024، زیاتر لە دوو هەزار سەرباز و ئەفسەری سوپای سوریا، هاتنە ناو خاکی عێراق و لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەربازگەیەکی سوپا هێڵدرانەوە.