رێنمایی رێگاوبانی سۆران بۆ شۆفێران
بەستەڵەکی رێگای حاجی ئۆمەران بە ئاسانی ناتوێتەوە؛ بێ زنجیر هاتوچۆ مەکەن
964+
شۆڕش قادری
رێگای سنووری حاجی ئۆمەران یەکپارچە شەختە و بەستەڵەکە و وەک شووشەی لێهاتووە، بۆیە تا دەتوانی خۆ لەو رێگایە مەدە و ئەگەریش ناچاربووی، بێ زنجیر پیایدا مەڕۆ.
خۆسرەت سادق بەڕێوەبەری رێگاوبانی ئیدارەی سۆران بە 964ـی وت، “بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارین و سەرمایەی چەند رۆژێکە رووی لە ناوچەکە کردووە، رێگای نێوان چۆمان – حاجی ئۆمەران لە شەواندا دەبەستێت و شەختە و بەستەڵەک دروست دەبێت، بۆیە هاوڵاتیان و شۆفێران، تا بۆیان دەکرێت، لە شەواندا هاتوچۆ نەکەن”.
“هەرچەندە سێ کەمپێکی جێگیرمان لە رێگاکان هەیە و تیمەکانمان بەردەوام خوێ بە جادەکەدا دەکەن، بەڵام بەهۆی سەرما و سۆڵەوە، تواندنەوەی بەستەڵەکی رێگاکە ئاسان نییە و هەندێک جار گرفتی هاتوچۆ دروست دەبێت”، خۆسرەت سادق وای وت.
داوایشی لە شۆفێران کرد، لەم کاتەدا بە بێ زنجیر بە رێگاکەدا هاتوچۆ نەکەن، بۆ ئەوەی تووشی رووداوی نەخوازراو نەبن.