سەرۆكی ئەركان لەوێ بوو
سوپای عێراق لە سنووری ئوردن لە ئامادەباشیدایە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق ئەم بەیانییەی شەممە سەردانی هێزەكانی سوپای گردووە لە دەروازەی وەلیدی لە سنووری ئوردن و بەسەری كردنەوە.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ شەممە 14.12.2024 بڵاویكردەوە، سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا سەردانی هێزەكانی سوپای عێراقی لە دەروازەی وەلیدی كردووە لەسەر سنووری ئوردن، لەوێ بەشەكانی هێزەكەی بەسەركردووەتەوە و بە تایبەتیش لەگەڵ نیشانەشكێن و بەشی ئالیاتی سەربازی قسەی كردووە.
یارەڵا هەر بە تەنیا نەبووە و فەرماندەی هێزەكانی وشكانی و جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی و سكرتێری هەواڵگری لەگەڵدابوون، وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.
ئاماژە بەوەش كراوە، سەرۆكی ئەركان دواتر سەردانی فەرماندەیی لیوای چواری هێزەكانی سنووری كردووە و گفتوگۆی لەگەڵ كردوون و باسیان لە كێشەوگرفتەكان كردووە، بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەكاندا.
لە دوای رووداوەكانی سوریا و كەوتنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد، عێراق وەك حكومەت و سوپا كەوتووەتە باری ئامادەباشی و بە گومانەوە سەیری بارودوخەكە دەكەن، ترسیان لە سنوورەكانی سوریا و ئوردن هەیە، بە تایبەتی لە دزەكردن و هێرشی چەكدارانی داعش و گرووپە توندڕەوەكانی دیكە، بۆیە عێراق سنوورەكانی خۆی لەو ناوچانە تۆكمە كردووە و هێزی زیاتری بردووەتە ئەوێ.