زانیاری نوێ لەسەر رووداوەکە هەیە
ئەو خۆکوژەی لە داقووق کوژرا بەرپرسی ئەمنیی داع*ش بووە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئەو خۆکوژەی ئەمشەو لە داقووق لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا، بەرپرسی ئەمنیی داع*ش بووە لە سنوورەکە.
پێش ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە لە لایەن هێزە سەربازییەكانەوە كوژرا
محەمەد سەعید خاوەنی چێشتخانەی زەیتونە بە964ـی وت، “کەمێک پێش رووداوەکە ئەو تی*رۆریستەمان بینی و پێمانوابوو سەرخۆشە، چونکە هەڵسوکەوتی نامۆ بوو، کەمێک دواتر زانیمان هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی چێشتخانەکەیان داوە و تی*رۆریستەکە هەڵهات بۆ نێو مارکێتی چێشتخانەکە، پێش ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکرد و کوشتیان”.
عەقید محەمەد مەردان بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی داقوق بە 964ـی وت، “دوای نزیکەی کاتژمێرێک لە کوشتنی تی*رۆریستەکە، تیمی پووچەڵکردنەوەی بۆمب توانیان پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکەی پوچەڵ بکەنەوە و دوای لێکوڵێنەوەکانیش دەرکەوت، ئەو تی*رۆریستە بەرپرسی ئەمنیی داع*ش بووە لە سنووری داقوق و دانیشتووی گوندی خاشەی قەزاکە بووە.”
ئاشکراشی کرد، ئەو هێزەی کە ئۆپەڕاسیۆنەکەی ئەنجامداوە، لە بەغداوە هاتوون و زانیاری وردیان لەسەر تی*رۆریستەکە هەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی 964 هێشتا هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکە ماون، بەمەبەستی وەرگرتنی تۆماری کامێراکانی چاودێریی ناو چێشتخانەکە و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە.
ئەمشەو خۆکوژێک لە پێش چێشتخانەی زەیتونە لەسەر رێگای داقووق – خورماتوو پێش خۆتەقاندنەوەی، لەلایەن فەوجێکی عێراقەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری