تەنیا نۆ هەزار دیناری تێدەچێت
تازە زاواکانی پێنجوێن ئەم زستانە نەوتی زۆرتان دەوێ؛ بڕۆن کارتەکانتان وەربگرن
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
تازە زاواکانی پێنجوێن، بۆ ئەم زستانە پێویستتان بە نەوتی زۆر دەبێت، بۆیە هەر لە ئێستاوە لە فکری خۆتان دابن و بڕۆن کارتە نەوتەکانتان وەربگرن.
هاوکار عومەر لێپرسراوی کارتی نەوت و سووتەمەنی لە قایمقامییەتی پێنجوێن بە 964ـی وت، دەسەڵاتیان پێدراوە کارتی نەوت بە شێوەیەکی کاتی بۆ ئەو کەسانە دەربکەن، کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن نەوت وەربگرن.
“بۆ دەرهێنانی کارتەکە، فۆڕمی بایەعی بنەماڵەی کوڕ و کچەکە، کۆپی کارتی نیشتمانی و کۆپی گرێبەستی هاوسەرگیریان پێویستە”، هاوکار عومەر وای وت.
داوایشی کرد، ئەو کەسانە لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممە، واتە 15 و 16 و 17ـی مانگ سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتەکانیان.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت فۆڕمی بایەعییەکەیان لەسەر کۆدی 283 بێت بۆ ئەوەی کارتی نەوت دروست بکەن و ئەگەر ئەو کۆدە نەبێت، ئەوا ناتوانن کارتەکە دروست بکەن.
هاوکار عومەر ئەوەشی خستەروو، بۆ هەر کارتێک کە دەدرێتە ئەو کەسانە، بڕی نۆ هەزار دینار وەردەگیرێت و کارتێکی زیرەکی نەوتیان پێدەدرێت.
قەزای پێنجوێن ناوچەیەکی سنووریی ساردە و لە وەرزی پاییزەوە پلەکانی گەرما لەوێ زۆر دادەبەزن، قەزاکە خاوەنی زیاتر لە 12 هەزار کارتی نەوتییە و بۆ ئەوەی هەر ماڵێک 200 لیتر نەوت وەربگرێت، پێویستی بە زیاتر لە 2.5 ملیۆن لیتر نەوت هەیە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری