ئەگەر پێویست نییە رێگاکە بەکار مەهێنن

رێگای حاجی ئۆمەران و زینی وەرتێ بوونە بەستەڵەک

+964

ئاکام غەفور-سۆران

بەهۆی بەفربارین و سەرمای ئەمڕۆ هەینی، دەمەو ئێوارە کردیەوە بە ساماڵ و رێگای نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران، رێگای زینی وەرتێ بووە بە بەستەڵەک، بەرگریی شارستانیش داوا لە شۆفێران دەکات ئەگەر پێویست نەبێت ئەمشەو ئەو رێگایە بەکارنەهێنن.

رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بۆ 964 وتی، “بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، لە رێگای حاجی ئۆمەران و لۆفەکانی زینی وەرتێ، رێگاکە بەستوویەتی و بووە بە بەستەڵەک”.

وتیشی، هەر چەندە ئەو دوو رێگایە دانەخراون، بەڵام لە رێگای 964 داوا لە شۆفێران دەکەین ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، ئەمشەو ئەو دوو رێگایە بەکارنەهێنن، بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان.

لای خۆیەوە، خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، قسەی بۆ 964 کرد و وتی،”ئەمڕۆ رێگای حاجی ئۆمەرانمان لە بەفر پاککردووەتەوە، بەڵام بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بەستەڵەک لە رێگاکە دروست دەبێت، ئەو شۆفێرانەی بەو رێگایەدا هاتوچۆ دەکەن پێویستە زنجیر ببەستن، ئەگەرنا رێگاکە سەخت دەبێت، بە تایبەت لە درەنگانی شەودا”.

هەر ئەمشەو لە رێگای حاجی ئۆمەران رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری وەرگەڕان رویداوە، موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت،”بەهۆی روداوەکە دوو کەس بریندار بوون، کە خەڵکی کەرکوک بوون و بە مەبەستی گەشت روویان لەو سنوورە کردبوو.

رێگای هامڵتۆن، کە رێگای سۆران – حاجی ئۆمەرانە، رێگایەکی سەرەکی بازرگانییە لە هەرێمی کوردستان، تاکە رێگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانە بۆ بەستنەوەی بە شارەکانی تری کوردستان، هەرچی رێگای زینی وەرتێشە، رێگای بەیەکبەستنەوەی ئیدارەی سۆران و راپەڕینە بە یەکتریەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

رێگای حاجی ئۆمەران و زینی وەرتێ بوونە بەستەڵەک

مینی پاسێك لە رێگای خەلەكان وەرگەڕا و 11 كەس بریندارن

مینی پاسێك لە رێگای خەلەكان وەرگەڕا و 11 كەس بریندارن