بڕیاری حکومەتی عێراقە
دوو رۆژ پشووە بۆ مەسیحییەکان
964+
ئەحمەد مستەفا
بۆ بۆنەی سەری ساڵی زاینی و ساڵی 2025 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دەنگیدا كە رۆژانی 25 و 26ی ئەم مانگە بكرێنە پشووی رەسمی بۆ مەسیحییەكان.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.12.2024 کۆبوویەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، یەكێك لە بڕیارەكان دیاریكردنی پشووی سەری ساڵی زاینیی بوو.
وەکخۆی:
پشووە گشتییەکانی عێراق وەک ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقدا بڵاو کراوەتەوە، بریتین لە:
1- رۆژانی هەینی و شەممەی هەموو هەفتەیەک.
2- رۆژی 1ـی موحەرەم، سەری ساڵی کۆچی.
3- رۆژی 10ـی موحەرەم، ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیمام حوسێن کە ناسراوە بە رۆژی عاشورا.
4- رۆژی 12ـی “رەبیع الاول”، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر موحەمەد (د.خ).
5- رۆژی1 بۆ 3ـی “شەوال” جەژنی رەمەزان.
6- رۆژی 10 بۆ 13ـی “زی الحجە” جەژنی قوربان.
7- رۆژی 18ـی “زی الحجە” جەژنی غەدیر.
8- رۆژی 1ـی کانوونی دووەم، سەری ساڵی زاینی.
9- رۆژی 6ـی کانوونی دووەم، جەژنی سوپای عێراق.
10 – رۆژی 21 ئازار، جەژنی نەورۆز.
11- رۆژی 1ـی ئایار، جەژنی کرێکاران.
12- رۆژی 16ـی ئازار، ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە.
پشووە تایبەتەکانی عێراق بەپێی رۆژنامەکە بریتین لە:
پشووی مەسیحییەکان:
1- یەک رۆژ جەژنی لەدایکبوونی مەسیح، 25ـی کانوونی یەکەم.
2- یەک رۆژ جەژنی گەورە.
پشووی سەبائییەکان:
1- پێنج رۆژ پشووی جەژنی دروستبوون لە مانگی ئازاردا.
2- چوار رۆژ پشووی جەژنی گەورە لە مانگی تەمموزدا.
3- دوو رۆژ پشووی جەژنی بچووک مانگی تشرینی دووەمدا.
4- یەک رۆژ پشووی جەژنی لەدایکبوونی پێغەمبەر یەحیا لە مانگی ئایاردا.
پشووی ئێزدییەکان:
1- رۆژی هەینی یەکەم لە مانگی کانوونی یەکەمی خۆرهەڵاتی بەبۆنەی جەژنی بەڕۆژووبوون.
2- رۆژی چوارشەممەی یەکەم لە مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزدییەکان.
3- رۆژی 23 بۆ 30 مانگی ئەیلولی خۆرهەڵاتی بەبۆنەی جەژنی جەما.
4- رۆژی 20 بۆ 21ی مانگی تەمموز بەبۆنەی جەژنی چلەی هاوین.
هەروەها بەپێی رۆژنامەکە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەتوانێت بڕیار بدات بۆ پشووی کاتی کە لە حەوت رۆژ زیاتر نەبێت و دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر دەوامکردن لە رۆژی شەممەدا بۆ کاتی پێویست.