شوێنه‌وار چاودێریى ده‌كات

“نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى مزگه‌وته‌ گه‌وره‌كه‌ى خورماڵ ساڵێكی دیكه‌ى پێویسته‌”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێكه‌ كاره‌كانى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى مزگه‌وتى گه‌وره‌ى خورماڵ ده‌ستيپێكردووه‌، شوێنه‌وارى هه‌رێمیش كه‌ چاودێریى نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ى ده‌كات ده‌ڵێت، ساڵێكی دیكه‌ى پێویسته‌ تا ته‌واو ده‌كرێت.

مزگه‌وته‌كه‌، به‌ مزگەوتی گوڵعەنبەریش ناسراوه‌، مێژووی بونیادنانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ھاتنی ئیسلام بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، لە سەردەمی بابانیەکانیشدا نۆژەنکراوەتەوە و مێژوونووسان دەڵێن، بۆ سەردەمی ئەسکەندەری مەقدۆنی دەگەڕێتەوە.

رووبەری گشتیی مزگەوتەکە دەگاتە دوو هه‌زار و 500 مەتردووجا، لە ساڵی 1961 نوێکراوەتەوە و لە ساڵی 1992 ش، دروستکراوەتەوە، دوو دەرگای ھەیە و منارەیەکی به‌رزیشی بۆ دروستكراوه‌.

كه‌یفی مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى شوێنه‌وارى هه‌رێم كه‌ ئێستا له‌ خورماڵه‌ بۆ چاودێریى كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌، به‌ 964ـى راگه‌یاند، نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركى كه‌سایه‌تییه‌كى ناودار به‌ناوى حاجى عابدی هه‌ورامی جێبەجێ دەكرێت، كه‌ نزیكه‌ى چوار ملیۆن دۆلارى بۆ ته‌رخانكردووه‌.

وتیشی “به‌پێی مه‌رج و رێنماییه‌كانى شوێنه‌وار نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌ و نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رووخساره‌ شوێنه‌وارییه‌كه‌ى گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بكرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌م مزگه‌وته‌ وه‌ك یه‌كێك له‌ شوێنه‌واره‌ گرنگه‌كانى هه‌رێمی كوردستان به‌م زووانه‌ له‌ لیستى تۆماره‌كراوه‌كانى كه‌له‌پوورى جیهانیدا تۆمار ده‌كرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌شیدا ره‌چاوى مه‌رجه‌ شوێنه‌وارییه‌كانى بۆ بكرێت.

ئاشكراشی كرد، نزیكه‌ى ساڵ و نیوێكه‌ ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى كراوه‌، ساڵێكی دیكه‌شی پێویسته‌ تا ته‌واو ده‌كرێت “به‌هه‌مان مادده‌ به‌كارهاتووه‌كه‌ى خۆى نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌”.

نەمامگەیەک لە خورماڵ ساڵانە 25 ھەزار نەمامی گوڵ بەرھەمد...

نەمامگەیەک لە خورماڵ ساڵانە 25 ھەزار نەمامی گوڵ بەرھەمدەھێنێت