سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌: سازدانى كۆنگره‌ زه‌حمه‌ت بووه‌

یەكێتیی مامۆستایان 13 ساڵه‌ نه‌یتوانیوه‌ كۆنگره‌ى ژماره‌ 13ـى ئه‌نجام بدات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ده‌ڵێت، زه‌حمه‌ته‌ بتوانن به‌م زووانه‌ كۆنگره‌ى 13ـی رێكخراوه‌كه‌یان ئه‌نجام بده‌ن، چونكه‌ ناكۆكیی له‌ نێوان ئه‌و لایه‌نانه‌دا هه‌ی، که‌ رێكخراوه‌كه‌یان پێكهێناوه‌.

یه‌كێتیی مامۆستایانى كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و له‌ ساڵى 1962 دامه‌زراوه‌ و تا ئێستا 12 كۆنگرەی بەستووە.

ئەحمەد سابیر گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بۆ 964 ئاشكراى كرد، كه‌ ناكۆكیى نێوان لایه‌نه‌كان له‌ناو یه‌كێتى مامۆستایاندا رێگره‌ له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن بۆ به‌ستنى كۆنگره‌ى 13 ـى رێكخراوه‌كه‌یان.

وتیشی “كاره‌كه‌مان زۆر زه‌حمه‌ت بووه‌، چونكه‌ لایه‌ن هه‌یه‌ نایه‌وێت هه‌ڵبژاردن بۆ به‌ستنى كۆنگره‌كه‌ بكرێت”.

باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ ئه‌نجامنه‌دانى هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتیى مامۆستایان لێكەوتە و كاریگەریی خراپی ده‌بێت، بۆیه‌ داوا لە سەرجەم لایەنە بەشدارەكانی ناو یەكێتیی مامۆستایان ده‌كات، رۆژێك دیاریی بكه‌ن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنه‌كه‌.

زیاتر له‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆكى یه‌كێتیى مامۆستایان به‌ 964ـى وتبوو، به‌ نیازن به‌م زووانه‌ به‌ به‌شداریى نزیكه‌ى 80 هه‌زار ئه‌ندام هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وكات هۆكار دواكه‌وتنى به‌ستنى كۆنگره‌ى 13 ـى بۆ دۆخی سیاسی و ئابوورى گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌  دووجار رێگره‌ بووه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت.

له‌ مانگى شوباتى ساڵى 2023 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له رێگاى وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ نووسراوى فه‌رمى ته‌واوى سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كانی ئاگاداركردووەته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له ‌ماوه‌ى 180 رۆژدا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بده‌ن.

ئه‌وكات ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئه‌وه‌ی بۆ تۆڕى 964 پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ ئەو نووسراوە بۆ ئه‌وانیش هاتووە، بەڵام پێش ئەو نووسراوەش، ئه‌وان بڕیاری هەڵبژاردنیان دابوو، دووجاریش ئاماده‌كارییان كردبوو یه‌كه‌میان له ‌ساڵى 2015 دووه‌مجاریش له‌ ساڵى 2018، به‌ڵام هه‌ردوو جاره‌كه‌ به‌هۆى دۆخ و كێشه‌ى ئابوورى و سیاسییه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌نجامى بده‌ین.

"دۆخى مامۆستایانى عێراق له‌ دۆخى مامۆستایانى هه‌رێم باشتره‌"