"پێشتر هەر لەسەر دزی بە نۆ ساڵ حوکم درابوو"
بەرۆژی رووناک لە سلێمانی دزی کرد؛ بۆی نەچووەسەر و دەستگیر کرا
964+
شۆڕش قادری
لە سلێمانی دزێک بە رۆژی رووناک چووە ناو ماڵێکەوە و دزی کرد؛ بەڵام بۆی نەچووەسەر و دەستگیرا کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، دزێکی جانتا بەشان، بە رۆژی رووناک دەچێتە ناو ماڵێکەوە و دزی دەکات، دواتر لە ماڵەکە دێتەدەر و دەچێتە ناو مزگەوتێکەوە و جلەکانی دەگۆڕێت و فڕێیان دەدات بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە.
دزەکە لەسەرخۆ بە پیاسە بەرەو بازاڕی سەرچنار بەڕێدەکەوێت بۆ خەرجکردنی دەستکەوتەکانی.
پۆلیسی سلێمانی لەسەر سکاڵای خاوەن ماڵەکە و لەڕێی کامێراکانی چاودێرییەوە، تۆمەتبارەکەی ناسیوەتەوە و دەستگیر کردووە.
سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی وت، “دزییەکە لە ماڵێکی گەڕەکی سەرچناری سلێمانی ئەنجام دراوە و دزەکە دوای ئەوەی زانیویەتی ماڵەکە کەسی لێ نییە و خاوەن ماڵ لە ماڵ نییە، چووەتە ژوورەوە”.
وتیشی، “ماڵەکە کە قاسەیەکی پارەی لێبووە، دزەکە ویستوویەتی بیشکێنێ، بەڵام نەیتوانیوە و دواتر هەرچی پارە و کەلوپەلی گرانبەهای لێبووە، بردوویەتی”.
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، دزەکە کوردە و خەڵکی دەوروبەری سلێمانییە، پێشتر هەر لەسەر دزی بە نۆ ساڵ زیندانیی حوکم دراوە، بەڵام بەربووە و بەقسەی خۆیشی، ئەوە یەکەم دزیکردنی بووە دوای ئازادبوونی.
دزەکە تەمەنی 34 ساڵە و ئێستاش لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.