یانەکە کێشەى موچە و خاڵى نییە
دوو یاریزانی یانەی شێروانە یانەکەیان بەجێھێشتووە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
هەرچەندە ریزبەندى خولى نایابى کوردستانیان گرتووە، بەڵام دوو یاریزانی یانەی شێروانەى کەلار کە دانیشتوی وڵاتی ئێرانن، سێ رۆژە یانەکەیان بەجێھێشتووە.
یانەی وەرزشی شێروانە، بۆ ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک یاریزان ئەنجامدا، دوو لەوانە دانیشتوی وڵاتی ئێران بوون.
عادل عەلی، راھێنەری یانەی شێروانە بە 964ـى وت،”ئەو دوو یاریزانە پێشتر ھیچ ئاگاداریان نەکردوینەتەوە لە بەجێھێشتنی یانەکە، ھیچ گرفتێکمان لەگەڵ یاریزانەکان نەبووە، ھەموو شایستە داراییەکانیشیان بە زیادەوە پێدراوە”.
ئەو دوو یاریزانە ئاسۆ فاتیح لە ھێڵی ھێرشبەر و ھێمن عەلی گۆڵپارێزی یانەکە بوون.
“لە دوای یاریەکەمان لەگەڵ یانەی ھەولێر رۆیشتونەتەوە بۆ ئێران، ھێمن گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە بووە، بەتەواوی پشتمان پێی بەستبوو، گومان دەکەن ئاسۆ ھانی گۆڵپارێزەکەی دابێت لەبارەى گەڕانەوە بۆ ئێران، چونکە ئاسۆ یاریزانی یەدەگ بووە”،عادل عەلی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد،”بەھیچ شێوەیەک ئاسۆمان ناوێت بگەڕێتەوە یانەکە، بەڵام قسەمان لەگەڵ ھێمنی گۆڵپارێز کردووە بۆ گەڕانەوەی، پێی وتووین بیردەکەمەوە و دواتر وەڵامتان دەدەمەوە”.
یانەی وەرزشی شێروانە بە 16 خاڵ پێشەنگی خولی نایابی کوردستانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح