"بارزان زۆرترین ورچى لێیه‌"

له‌ چیای گارا دیمه‌نى به‌چكه‌ ورچێكی قاوه‌یی تۆمار ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

فۆتۆگرافه‌رێكی كورد دیمه‌نى به‌چكه‌ ورچێكی له‌ چیاى گارا تۆماركرووه‌ و  ده‌شڵێت، زۆرترین ژماره‌ى ورچ له‌ سنوورى سروشتى بارزاندا هه‌یه‌.

سابیر دری، ئه‌و فۆتۆكرافه‌ره‌ى كار له‌سه‌ر تۆماركردنى وێنه‌ى باڵنده‌ و ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كانى سروشتى هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌ 964ـى وت، بوونى ورچ له‌ناو سروشتى هه‌رێم دڵخۆشكه‌ره‌ چونكه‌ ئاژه‌ڵێكه‌ له‌ زۆربه‌ى وڵاتنان به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت.

وتیشی “ئه‌و ورچه‌ى چیاى گارا له‌ جۆرى قاوه‌ییه‌، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وێنه‌ى گیراوه‌ به‌ڵام ئەمڕۆ بڵاوم کردووەتەوە، به‌پێی چاودێرییه‌كانم ورچى زۆر له‌و چیایه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام زۆرترینیان له‌ سنوورى بارزاندا هه‌ن”.

سابیر ده‌مێكه‌ به‌نیازه‌ دیمه‌نى ئه‌و ئاژه‌ڵ و باڵندانه‌ى تۆمارى كردوون له‌ كتێبێكدا بڵاویان بكاته‌وه‌، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت له‌ ئه‌رشیفه‌كه‌یدا 28 هه‌زار وێنه‌ى تۆماركراوى ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ى كێوی هه‌یه‌ و به‌نیازه‌ له‌ ساڵى 2025 كتێبه‌كه‌ى بڵاوبكاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دواكه‌وتنى كتێبه‌كه‌ى وتیشی “جۆره‌ باڵنده‌یه‌ك له‌م ماوه‌یه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و وێنه‌ى ده‌گرم، بووه‌ته‌ هۆكار بۆ دواكه‌وتنى بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ى، به‌ڵام به‌م نزیكانه‌ دیمه‌نى باڵنده‌كه‌م تۆمار ده‌كه‌م”.

"بینینى ورچ له‌ سنووره‌كه‌مان بووه‌ته‌ شتێكی به‌رده‌وام"