چارەسەر بۆ کێشەی کەمی کارەبا دەدۆزێتەوە
خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەورووبەرى پارێزگاری گەیاندە بەغدا
964+
شۆرش قادری
خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی کەرکوک و دەورووبەرى دژی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لە چەند رۆژی رابردوودا، پارێزگاری کەرکوکی گەیاندە بەغدا.
نوسینگەی راگەیاندنی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک بڵاویکردەوە، “بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی کارەبا و کەمکردنەوەی بارگرانی سەر هاوڵاتیانی شاری كەركوك، رێبوار تەها چووەتە شاری بەغدا”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە مەبەستی زیادکردنی پشکی وزەی كارەبا بۆ شاری كەركوك لە ڕێگەی تۆڕی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی پێویستی پارێزگاکە بە محاویلە و پشتگیریکردنی لە سێكتەری کارەبادا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەنجام دەدات.
ئەم سەردانەی رێبوار تەها بۆ بەغدای پایتەخت، دوای ئەوە دێت کە، لە چەند رۆژی رابردوودا دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی کەرکوک و دوزخورماتوو هاتنە سەر جادە و دژی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.