جوتیارانى ناوچەى داودە
بەم شەوە خۆپیشاندان بەردەوامە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
شەو درەنگى کردووە، بەڵام خۆپیشاندانی جوتیارانی گوندەکانی ناوچەی داودە لەسنوری خورماتوو بۆ سێیەم شەوى لەسەریەک بەردەوامە و ئامادە نین خێوەتەکانیان ھەڵگرن، تاکو بەشێوەی کرداری داواکانیان جێبەجێ دەکرێت.
هەڵکەوت محەمەد، جوتیار لەناوچەی داودە بۆ 964 قسەى کردووە و باسى لەوەکرد، تائێستا وەڵامی داواکاریەکانیان نەدراوەتەوە، ئەگەر چی داواکاری ئەوان تەنها لەدوو خاڵ پێکدێت کە ئەمانەن:
یەکەم: رێگە نەدرێت لەشارەکانی هەرێمەوە جوتیاران گەنمەکانیان هاوردەی سایلۆی خورماتوو بکەن، تائەو کاتەی گەنمەکانی جوتیارانى داودە ساغ دەکزێتەوە.
دووەم: لەبازگەکانی سوپای عێراق رێگە لەجوتیارانی ناوچەی داودە نەگرن و کارئاسانیان بۆبکرێت تاکو بەرهەمەکانیان لەسایلۆ ساغ بکەنەوە.
بەقسەى ئەو جوتیارەى داودە بێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندانەکانیان و لەسبەینێوە رێگاکانی ناوچەی داودە دادەخەن و خۆپێشاندانەکان فراوانتر دەکەن.
پێچەوانەى ئەوان، هەر ئەمڕۆ بەشێک لە جوتیارانى کەلار گردبوونەوە و داوا دەکەن رێگەیان پێبدرێت گەنمەکانیان بۆ سایلۆى دوزخورماتوو ببەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح