پرۆژەکانی گەرمیان ناچار بە دانانی فیلتەری ئاوەڕۆ دەکرێن

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

وەبەرهێنانی گەرمیان دەڵێت، لەمەودوا دەبێت سەرجەم پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەو دەڤەرە، فیلتەر بۆ ئاوەڕۆ و زێرابی پرۆژەکانیان بەکاربهێنن.

هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان بە تۆڕی 964ی وت “بە رێنمایی دەستەی ژینگەی هەرێم و وەبەرھێنان دەبێت ھەر پرۆژەیەک کە دروستەکرێت سیستمی چارەسەری ئاوی قورس (ئاوەڕۆ و زێراب) لە پرۆژەکان دابینبکرێت، لەکاتێکدا پێشتر ئاوەڕۆی هەموو پڕۆژەکان دەخرایەوە ناو رووباری سیروان”.

سەبارەت بە گرنگی و سودی دانانی ئەو سیستەمە بەڕێوەبەرەکەی وەبەرھێنانی گەرمیان وتیشی “ئاوەڕۆی پرۆژەکان ئیتر ناڕژێتە ناو رووباری سیروانەوە، ھەروەھا لە رێگەی ئەو سیستمەوە ئاوەڕۆی پرۆژەکان فیلتەر دەکرێن و بۆ سەوزایی پرۆژەکە بەکاردەھێنرێتەوە، دواتر پاشەڕۆکەی ترى وشکدەکرێتەوە و بۆ بواری کشتوکاڵی بەکاردەھێندرێت”.

ئەم بڕیارە ئەو پرۆژانەی کە پێشتر تەواوکراون ناگرێتەوە، چونکە بەستراونەتەوە بە ئاوەڕۆی قەزای کەلار و ئاوەڕۆی قەزاکەش لە نزیک قەڵای شێروانە دەڕژێتە ناو رووباری سیروانەوە.