"لە بەریتانیا و فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا تۆمار کراوە"
لە کەلار دژی دواکەوتنی موچە و تەیف سامی گردبوونەوە ئەنجام درا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ژمارەیەک ئەندامی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە بۆ کاروباری مرۆیی، لەگەڵ بەشێک لە ھاوڵاتیان و موچەخۆرانی قەزای کەلار، دژی نەناردنی موچە و وەزیری دارایی عێراق گردبوونەوە.
زانا جومعە، نوێنەری دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە لە کەلار بە 964ـی وت،”جێگای قبوڵکردن نییە دواکەوتنی موچە لەلایەن عێراقەوە، لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە عێراق ئازادکرا کەچی ئێستا موچەی پێشمەرگە و موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان نادات”.
“داوا لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەکەم بەخویدا بچێتەوە و موچەی خەڵکی کوردستان بنێرێت، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرەنسا و بەریتانیا، سکاڵامان دژی وەزیری دارایی عێراق تۆمار کردووە”، زانا جومعە وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە و موچەی خەڵکی کوردستان نەنێردرێت، ھەڵوێستی دیکەیان دەبێت و گردبوونەوەکانیان دەبەنە بەغدا.
دیار سیروان، ھاوڵاتییەکی بەشداربووی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “دواکەوتنی موچە کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، زۆرینەی ماڵەکان موچەخۆری تێدایە، ئەمەش ژیانی خەڵکی قورس کردووە”.
چەند رۆژ پێش ئێستاش، ئەندامانی دەزگای نێودەوڵەتی پێشمەرگە چوونە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و نامەی ناڕەزاییان دژی تەیف سامی دایە نوێنەرایەتییەکە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری