"دەرمان و كەرەستەمان نەماوە"

لە سلێمانی تاساڵی 2027 نۆرە بۆ قەستەرەی دڵ گیراوە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی، گرفتی كەمی دەرمان و كەرەستەی قەستەرەی دڵ سەریهەڵداوە و بەڕێوەبەری كارگێری نەخۆشخانەكەش دەڵێت، “رۆژانە دەتوانین تەنیا سێ قەستەرە بكەین”.

لەماوەی دوو مانگی رابردوو دا، دوو هەزار و 636 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی كردووە و لەو رێژەیەش 653 نەخۆش قەستەرەی دڵ و 326 نەخۆش شەبەكەو باڵۆنی بۆ دانراوە.

محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری كارگێری نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی بە 964ی وت، “لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی، بەهۆی كەمی دەرمانەوە نۆرەگرتن بۆ قەستەرەی دڵ گەیشتووەتە ساڵی 2027، جگە لە حاڵەتە كتوپڕەكان، پزیشكەكان ناتوانن رۆژانە لەو رێژەیەی كە دیاریكراوە بۆیان، قەستەرەی زیاتر بۆ نەخۆش ئەنجام بدەن”.

ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی، لەحاڵەتی ئاسایدا نەخۆشخانەكە دەتوانێت رۆژانە 20 قەستەرەی دڵ ئەنجام بدات، بەڵام ئێستا كەمكراوەتەوە بۆ تەنیا سێ قەستەرە لەرۆژێكدا و هەر پزیشكێكی ئێشكگر لەو رۆژەدا ناتوانێت قەستەرەی دیكە بكات.

ئێستا لە نەخۆشخانەکە، بەپێی پێویستی نەخۆش نۆرەگرتنی شەش مانگ بۆ ساڵێك دادەنرێت، بەشێك لە دكتۆرەكان نۆرەكانیان گەیشتووەتە ساڵی 2027 و پێویستە نەخۆش تاوەكو ئەو بەروارەی بۆی دیاریكراوە چاوەڕوان بكات، “لۆدێكی زۆر لەسەر نەخۆشخانەكە هەیە، لەبەرئەوەی ئێستا قەستەرە لە نەخۆشخانەی شاریش ناكرێت و هەمووی دێتەوە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی”، محەمەد عەلی وای وت.

باسی لەوەشکرد، بەشێك لە دەرمان و پێداویستییەكان لەبەغداوە بەدەستمان دەگات و بەشێكیش بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دابینی دەكات، لەماوەی رابردوو تەندروستی سلێمانی 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكردین، بەڵام بۆ ساڵی 2024 بڕی بودجەی دیاریكراو بۆ نەخۆشخانەكەمان تەواو بووە و هیچ بڕێكی دیكەمان بۆ تەرخان ناكرێت، داوا لە وەزارەتی تەندروستی كراوە بۆ چارەسەر بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

قەستەرەی دڵ بۆ منداڵێكی ساوا لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی...

قەستەرەی دڵ بۆ منداڵێكی ساوا لە نەخۆشخانەی دڵی سلێمانی كرا