خۆى گیانى لەدەست دا و سێ کەسیش بریندارن

خەوبردنەوەى شۆفێرێک رووداوێکى سەختى هاتوچۆى دروستکرد

964+

سیروان خورشید – دوزخوماتوو

درەنگانێکى ئێوارەى ئەمڕۆ، لە نزیک ئامرلى لە سنوورى قەزاى خورماتوو، رووداوێکى هاتوچۆ روویدا و بەهۆیەوە شۆفێرێک گیانى لەدەست دا و سێ سەرنشینیش بریندار بوون.

عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە964ـی وت،”رووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لەجۆرەکانی کیای سیراتۆ و مازدایەک روویداوە، بەهۆیەوە شۆفێرێک گیانی لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون”.

“رووداوەکە بەم شێوەیە بووە: ئۆتۆمبێلی جۆری سیرتۆ کە لە بەغداوە بە ئاراستەی کەرکوک رۆیشتووە و لەنزیک ئامرلی، توشی پێکدادان بوون لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی جۆری مازدا و بەهۆیەوە دەستبەجێ شۆفێری کیاکە گیانی لەدەست داوەو سێ کەسی نێو مازداکەش بەسەختی برینداربوون”، موئەیەد عەباس واى وت.

باسى لەوەشکرد، سەرجەم بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو گواستراونەتەوە و چارەسەریان بۆ دەکرێت.

وەک ئەوەى روونى کردووەتەوە، بەپێى لێکۆڵینەوەکانیان دەرکەوتووە، شۆفێرى کیا سیراتۆکە کە لە رووداوەکەدا گیانى لەدەست داوە، خەو بردویەتییەوە و خێرایى ئۆتۆمبێلەکەشى زۆر بووە و ئۆتۆمبێلەکەى لە سایدى خۆیەوە چووەتە سایدى بەرامبەر و خۆى کێشاوە بە مازداکەدا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح