لە ناحیەی شۆڕش
سەنتەرێک بووەتە هیوایەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
سەنتەری چارەسەری دەروونی لە چەمچەماڵ رۆژانە ئو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونیان هەیە سەردانی دەکەن و یەک رۆژیش کە رۆژی هەینییە لە هەفتەکە بە گشتی هاوڵاتی دەتوانێت سەردانیان بکات.
رێکخراوی ژیان فاوندەیشن بۆ مافەکانی مرۆڤ لەساڵی 2010 لە قەزای چەمچەماڵ کراوەتەوەوە، لەبوارەکانی یاسایی، دەرونی، پزیشکیی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و هۆشیاریی خزمەتگوزاریەکانی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکات.
لەساڵ 2019 سەنتەری چارەسەرکاریی دەروونی لەناحیەی شۆڕش دامەزراندوە، لەلایەن وڵاتی ئەڵمانیاوە پاڵپشتی و کۆمەکی دارایی دەکرێت.
سەنتەرەکە سێ پرۆژەی گرنگی تیادایە کە بۆ کارەبا و ئاو و غاز خۆیان بەرهەمی دەهێنن.
هاوڕێ رەسوڵ بەڕێوەبەری دەزگای ژیان لە قەزای چەمچەماڵ بە 964ـی وت، سەنتەرەکە سێ پرۆژەی گرنگی تێدایە، پێکهاتوون لە دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی زێراب بۆ کاروباری رۆژانەی ناو سەنتەرەکە، بەرهەم هێنانی غاز لەپاشەڕۆی ئاژەڵەکان و هەروەها لە رێگەی سیستمی سۆلارەوە توانیویانە کارەبای تەواوی سەنتەرەکە دابین بکەن.
وتیشی، لەم سەنتەرە چارەسەری ئەو کەسانە دەکرێت نە خۆشی دەروونیان هەیە و رۆژەکانی هەفتە تایبەتن بە ئەو کەسانەی کە بۆ چارەسەر دێنەسەنتەرەکە، جگە لە رۆژی هەینی کە بۆ کەسانی گشتیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەکەی ناحیەی شۆڕش ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار کەس سوودی لێ دەبینن، لەناو باخچەی سەنتەرەکەدا دوو پرۆژەی گرینگی دیکەی تێدایە، یەکێکیان پێکهاتوە لە خانوی گڵ، چارەسەری کەسانی دەرونی تێدا دەکرێت هەروەها بەخێوکردنی چەندەها ئاژەڵی ماڵی بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ چارەخوازان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی