بەهۆی نەشیاوبوونی بۆ خواردن
زیاتر لە 27 تۆن شووتی لە مەرزی باشماخەوە گەڕێندرایەوە بۆ ئێران
+964
کامیار کەمال- پێنجوێن
لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بەهۆی نەشیاوییەوە بۆ خواردن 27 تۆن و نیو شوتی گەرێندرایەوە بۆ وڵاتی ئێران.
بەهێز عەبدوڵەتیف، لێپرسراوی هۆبەی کەرەنتینەی باشماخ بە 964ی راگەیاند، سێ بار شوتییان لە دەروازەی نێودەوڵەتی گەڕاندوەتەوە بۆ وڵاتی ئێران بەهۆی ئەوەی نەشیاو بووە بۆ خواردن.
وتیشی، پشکنینی فیزیایی بۆ ئەو سێ بارە شوتییە کراوە و دەرکەوتووە سەرمایەکی زۆر لێیداوە و بەشێکی زۆریشی توشی نەخۆشییەکی بەکتریا بووە کە لە کوردەواری خۆمان پێی دەڵێن “سندان لێی داوە” و بۆ خواردن ناشێن.
باسی لەوەشکرد، کێشی بارە شوتییەکان بە کۆی گشتی 27 تۆن و 110 کیلۆیە و بارێکیان نۆ هەزار و 520 کیلۆ بووە و بارێکی دیکەیان نۆ هەزار و 420 کیلۆ بووە و ئەوەی کۆتاییش هەشت هەزار و 170 کیلۆ بووە.
“ساڵانە پشکنینی تایبەت بۆ ئەو بەروبومە تایبەتانە دەکرێت کە وەرزی خۆیان نییە، چونکە مەوادی کیمیایی زۆری گەشەکردنی بۆ بەکاردەهێندرێت و ئەوەش وای لێدەکات شیاوی خواردن نەبێت،” بەهێز عەبدوڵەتیف وای وت.
ئەوەشی خستەروو، ئەگەر لەم وەرزەدا سەیری شووتی خراپ بوو بکەیت بەڕەنگ و ناوکەکەیدا دیارە کە بەجوانی رەنگی رەش نەبووە و شێوەشی وەک ئەستێرە دەردەکەوێت کە هەمووی نیشانەن بۆ خراپی شوتییەکە.
سەبارەت بە پشکنینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەهێز عەبوڵەتیف ئەوەشی خستەروو کە، هەندێ بار هەیە بە نیوکاتژمێر پشکنینی بۆ دەکرێت بەڵام ئەگەر لە پشکنینێک دڵنیا نەبن ئەوا دەینێرنە تاقیگەیەکی تایبەتی ناو دەروازەکە کە پشکنینی وردتری بۆ دەکرێت.
پێنجوێن قەزایەکی کشتوکاڵییە و ساڵانە بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی بە بەرهەمی کشتوکاڵی دەچێندرێت و شووتییەکەی بەناوبانگە.
پێداچوونەوە: هاوبەش