لە هەولێر فێستیڤاڵی “دژەتیرۆر” بەڕێوەچوو

+964
كوردستان ئەحمەد

شەشەمین گەڕی فێستیڤاڵی فیلمی سینەمایی دژەتیرۆر لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لەناو هۆڵی سینەماکە، هونەرمەند و سینەماكار و شانۆكارەكان دانیشتون و چاوەڕێن فیلمەكان نمایشبكرێن، سینەماكارانی بەشێك لە شارەكانی عێراقیش بەشدارن.

لە فێستیڤاڵەکەدا، 15 فیلم بەشدارییان کردبوو، فیلمەكان باسیان لە ژیان و گوزەرانی ئەو كەسانە دەكرد كە بەهۆی تیرۆری سیاسی، سەربازی و كۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنن.

هەندێك لە فیلمەكانیش باسیان لە نەهامەتیەكانی كاتی شەڕی داعش دەكرد.

عەدنان عوسمان، بەڕێوەبەری پێشووى سینەمای هەولێر بە تۆڕی 964ی راگەیاند، فێستیڤاڵی فیلمی دژەتیرۆر بووە بە بەشێك لە كلتوری هەولێر و شارەكەیان “هەوڵەكانمان بەردەوام دەبن لە مانەوەی وەك خۆی”.

بەشێك لە فیلمەكان كورت و بەشێكیش درێژ و بەشێكی دیكەش كورتە فیلم بوون، چونكە پێوەری فیلمەكان لە كاتدا دیاریكراو نەبوو.

نەژاد جەلال، سینەماكار و شانۆكارە، براوەی خەڵاتی باشترین دەرهێنەرە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، سینەما گرنگیەكی گەورەی هەیە، بەڵام لە سینەما گرنگتر فێستیڤاڵەكانە و دەبێت بەردەوام بن.

هەندێك لە فیلمەكان لە شارە عەرەبیەكانی عێراقەوە بەشدارییان كردبوو، بەڵام هەموو فیلمەكان ژێرنووسی عەرەبیان بۆ كرابوو بۆ ئەوەی هەموو بەشداربووان بتوانن لە ناوەڕۆكی فیلمەكان تێبگەن.

دەستەیەكی پێنج كەسی كە هەموویان كورد بوون و خەڵكی سلێمانی و هەولێرو كەركوك بوون دادوەرییان بۆ فیلمەكان دەكرد.

ژنان رۆڵیان لە فیستیڤاڵەكەدا هەبوو، سروە عەلی سینەماكار بە تۆڕی 964ی وت، “توانرا بە شێوەیەكی باش كارەكانی فیستیڤاڵ بەڕێوەبچێت، ئەمەش گرنگیەكی گەورەی بۆ سینەماكار هەیە، چونكە سینەما دەیەوێت تواناكانی خۆی لە كاردا نیشانبدات”.

لە کۆتاییدا، خەڵات بەسەر یەكەمەكانی بواری باشترین ئەكتەر و باشترین فیلم و باشترین دەرهێنەر دابەشكرا.