بوو بە هەشت ئامێر
دوو ئامێری دیكەی شووشتنەوەی گورچیلە بۆ چەمچەماڵ دابین كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاند، دوو ئامێری شووشتنەوەی گورچیلە بۆ سەنتەری گورچیلەی دەستكردی قەزاكەیان دابین كرا، هەروەها دەڵێت نزیكەی 30 نەخۆشی بەردەوامیان هەیە بۆ شووشتنەوەی گورچیلە.
شەریف رەحیم ئەمڕۆ سێشەممە 3.12.2024 بە 964ی راگەیاند، ژمارەی ئامێرەكانی شووشتنەوەی گورچیلە لە سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لە چەمچەماڵ بوون بە هەشت ئامێر، دوای ئەوەی دوو ئامێری دیكە دابین كران.
وتیشی، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی سەنتەرەكە دەكەن زۆرن، بەڵام ئەوانەی بەردەوام پێویستیان بە شووشتنەوەی گورچیلە هەیە، نزیكەی 30 كەسن و ئەو ژمارەیەش جارجار كەم و زیاد دەكات.
ئاماژەی بەوەش دا، نەخۆشانی گورچیلە لە چەمچەماڵ، قەرەهەنجیر و شوێنەكانی دیكەی دەوروبەری چەمچەماڵ سەردانی سەنتەرەكە دەكەن و سوود وەردەگرن.
شەریف رەحیم باسی ئەوەی كرد، ئەو ئامێرانە بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دابین كراون و ئامێری پێشكەوتوون.
“سەرەڕای قەیرانی دارایی و كەمیی ئامێر و نەبوونی كارمەندی پێویست بۆ كاركردن لە سەنتەری گورچیلەی دەستكرد لە چەمچەماڵ، بەڵام توانیومانە خزمەتێكی باشی ئەو نەخۆشانە بكەین، كە تووشی شووشتنەوەی گورچیلە هاتوون و دەبێت بەردەوام سەردانی سەنتەرەكە بكەن”، شەریف رەحیم وای وت.