هه‌ڵمه‌تى دووه‌مى به‌ڕوو چاندن له‌ چیاكه‌ى ده‌ستپێده‌كه‌ن

رێكخراوێكی ژینگه‌یی ده‌ڵێت: شنگال ده‌كه‌ینه‌ به‌هه‌شتى سه‌وزایی

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هه‌ڵمه‌تێكی دیكه‌ى چاندنى به‌ڕوو له‌ چیای شنگال ده‌ستپێده‌كات و له‌ هه‌ڵمه‌تى یه‌كه‌میشدا سێ هه‌زار دانه‌یان چاند، ئه‌مجاره‌ش ده‌یانه‌وێت دوو هه‌زار و 500 دانه‌ى دیكه‌ بچێنن.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوى (مالا پێكڤه‌ژیانێ ل شنگالێ) كه‌ رێكخراوێكی خۆبه‌خشی ژینگه‌یی و مرۆییه‌، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئاگاداری خۆبه‌خشان و ژینگه‌دۆستان كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ مه‌زارى ئامادین كۆببنه‌وه‌، هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێبكه‌ون بۆ چیاى شنگال و ده‌ست به‌ چاندنه‌كه‌ بكه‌ن.

داواشیان لێكراوه‌ به‌هۆى ساردى كه‌شوهه‌واى چیاكه‌، خۆیان جوان پۆشته‌ بكه‌ن و پارچه‌ شیشێكیش له‌گه‌ڵ خۆیان بهێنن بۆ چاڵكردنى ئه‌و شوێنه‌ى ده‌یانه‌وێت به‌ڕووه‌کەى تێدا بچێنن.

ره‌نا به‌لۆ، به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانى ئه‌م رێكخراوه‌، به‌ 964ـى وت، له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى پێشوودا بڕیاریان وابوو دوو هه‌زار به‌ڕوو بچێنن، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت سێ هه‌زاریان چاندووه‌ و ئه‌مجاره‌ش له‌و دوو هه‌زار و 500 به‌ڕووه‌ى داندراوه‌، زیاتر ده‌چێندرێت.

وتیشی، “كاره‌كانى سه‌وزكردن، ته‌نیا سه‌رچیاى شنگال ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو پلانێكی 10 ساڵه‌مان هه‌یه‌ بۆ چاندنى یه‌ك ملیۆن دار و ده‌مانه‌وێت شنگال بكه‌ینه‌ به‌هه‌شتى سه‌وزایی”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، ئه‌مجاره‌ به‌ڕووه‌كان له‌ باكوورى چیاى شنگال ده‌چێندرێن و له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى پێشووشیاندا لاى باشووریان چاندبوو.

پێشتر ره‌نا به‌لۆ به‌ 964ـى وت له‌و یه‌ك ملیۆن داره‌ى له‌ پلانیاندایه‌ بیچێنن، هه‌نجیر و هه‌نارى هه‌ڵه‌بجه‌شى تێدایه‌، كه‌ پێشتر‌ له‌ رێگه‌ى هێنانى په‌لى هه‌نار له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نه‌مامگه‌كه‌یان چاندوویانه‌ و گه‌وره‌یان كردووه‌ و دواتریش له‌ رێگاى جوتیاره‌كانه‌وه‌ ده‌یانچێنن.

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان 240 دار بەڕوو پێشکەشی سلێمان...

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان 240 دار بەڕوو پێشکەشی سلێمانی دەکات