"باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق"

“حكومەتێكی بەهێز و یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە حكومەتێكی بەهێز و یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 1.12.2024 سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەلینا رۆمانۆوسكی لە هەولێر كۆبوونەوە.

بە پێی راگەیاندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان تایبەت بووە بە موچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ باڵیۆزی ئەمریكای دووپاتكردووەتەوە، هەرێم هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بێ دواخستن و لێبڕین بنێرێت.

ئەمڕۆ حكومەتی عێراق 761 ملیار دیناری خستەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام هێشتا بڕیار نەدراوە موچە كەی و چۆن دابەش دەكرێت، چونكە ئەم بڕەپارەیە كورتهێنانی تێدایە.

فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم هێشتا موچەی مانگی 10ی رابردوویان وەرنەگرتووە، لە كاتێكدا ئەمڕۆ 1.12یە.

“هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لە زووترین کاتدا،حکومەتێکی نوێی یەکگرتوو و بەهێز پێکبهێنرێت”، ئەمە بەپێی راگەیاندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری.

بڕیارە سبەی دووشەممە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت.

هەروەها بە گوێرەی راگەیاندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە لە كاتێكی نزیكدا كردووەتەوە.

هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لەوەتەی ئاداری 2023 وەستاوە و ئەمەش بە گوێرەی شارەزایانی بواری نەوت، بە ملیۆنان دۆلار زیانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق داوە.

ئەمریكا پاڵپشتی لە پرۆسەی سەرژمێری دەكات

ئەمریكا پاڵپشتی لە پرۆسەی سەرژمێری دەكات