بەرگەى رەشەبایەک ناگرێت

کارەباى گەڕەکى ژین بە دوعا راوەستاوە

964+

دەشتی عارف -هەولێر

گەڕەکى ژین لە هەولێر کە لە 10 هەزار پارچە زەوى پێکهاتووە، بەشێکى کراوە بە خانوو، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکى پێنەگەیشتووە و ماڵەکانیش داریان کردووە بە ستوونى کارەبا.

یونس ئەحمەد کە دانیشتوویەکى گەڕەکى ژینە، بۆ مایکى 964 قسەى کردوو وتى،” هەشت ساڵە لەو گەڕەکەم لە کەرتى چوار هەزارى، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکى نییە، نە کۆڵانەکان قیرن نە ستوونى کارەباى هەیە و نە ئاو و نەزێراب”.

وەک باسى دەکات، دارى درێژیان کردووە بە ستوونى کارەبا و کارەباى نیشتمانى و مۆلیدەیان بەو شێوەیە راکێشاوە.

964 کێشەى ئەو ماڵانەى بردە لاى ئەحمەد نەبى، بەڕێوەبەرى ناحیەى دارەتوو، ئەو بە 964ـى وت،”گەڕەکى ژین گەڕەکێکى گەورەیە، بەڵام تا ئێستا زۆر چۆڵە و نەکراوە بە خانوو، بۆیە خزمەتگوزارى تەواوەتى پێنەگەیشتووە”.

باسى لەوەشکرد، دانیشتوانى ئەو ماڵانەى لەوێن تائێستا داواکاریان پێشکەش نەکردوون بۆ ئەوەى ستوونى کارەبایان بۆ بچێت، وەک دەڵێت، ئەوان داواکارى پێشکەش ناکەن و رێکارە ئیدارییەکان ئەنجام نەدەنادەن بۆ پێداویستییەکانیان.

گەڕەکی ژین سەر بەناحیەی دارەتووى هەولێرە و لە 10 کەرت پێکهاتووە و بەگشتى جێگاى 10 هەزار ماڵ دەبێتەوە تائستا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانى پێنەگەیشتووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح