خۆى پزیشکى شێرپەنجەیە
ئەو پزیشکەى توانى بەسەر شێرپەنجەدا سەرکەوێت
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
رێوان حوسێن، ماوەی 10ساڵە پزیشکی شێرپەنجەیە لە شاری هەولێر، بەڵام ساڵی رابردوو خۆی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوو و چیرۆکی زاڵبوونی خۆی بەسەر نەخۆشیەکەدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ئیرادەی مرۆڤ زۆر بەهێزە و دەتوانێت بەسەر شێرپەنجەشدا زاڵ بێت.
964 وەک هەمیشە بەدوای ئەو چیرۆکانەدا دەگەڕێت کە شاراوەن، رێوان حوسێن لەفیچەرێکی تایبەتدا باسی ئەو ئاڵنگاریانەدەکات کە لە ماوەی تووشبوونی بە نەخۆشییەکەدا رووبەڕووی بوونەتەوە.
ئەو پزیشکە، ساڵی رابردوو لەدوای ئەنجامدانی پشکنینێک دەزانیت کە تووشی نەخۆشی شیرپەنجەی مەمک بووە و دەڵێت، “کارێکی زۆر سەخت بوو، بەڵام سوپاس بۆخوا تێمپەڕاند، پاڵنەری سەرەکیم بۆ تێپەڕاندن خوای گەورە و خۆشەویستی کەسە نزیکەکانم بوو.”
د. رێوان باس لەوە دەکات پیاوانیش هاوشێوەی ژنان دەکرێت تووشی شێرپەنجەی مەمک ببن، بەڵام بەرێژەیەکی زۆرکەمتر، دەشڵێت، “تووشبوونی گەنجێک بەشێرپەنجە لایەنی ئەرێنی زیاترە وەک نەرێنی، چونکە لەڕووی جەستەییەوە بەهێزترە و تێپەڕاندنی ئاسانترە”.
ئامۆژگاری ژنان دەکات، پشکنینی پێشوەختە فەرامۆش نەکەن، چونکە کاریگەری زۆری هەیە لە چارەسەی نەخۆشییەکە، هەروەها پێشنیار بۆ دایکان دەکات، کە شیری سرووشتی بدەنە منداڵەکانیان، چونکە رێگریەکی زۆر دەگات لەتووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر