شاخەکەش روناکدەکاتەوە
کۆمپانیایەک بە روناکی و لە وزەی خۆر ناوی سلێمانی داخاتە سەر شاخی گۆیژە
964+
ژووری هەواڵ
کۆمپانیایەک لە سلێمانی لەسەر ئەرکی خۆی ژمارەیەک پرۆژە بۆ سلێمانی جێبەجێدەکات و ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری شارەکە باسیان لە پرۆژەکان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 26.11.2024، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پۆستێکدا لە فەیسبووک رایگەیاند، کۆمپانیایەک دەستپێشخەری کردووە بۆ جێبەجێکردن شەش پرۆژە بۆ روناککردنەوەی شاخی گۆیژە و چەند شەقامێک، لەگەڵ دروستکردنی نەخشەی کوردستان و نوسینی ناوی “سلێمانی” بە وزەی خۆر.
بڕیارە کۆمپانیاکە ئەم پرۆژانە جێبەجێبکات؛ پڕۆژەکانی روناککردنەوەی شەقامی سەرەکیی نێوان چاڤی لاندو شاری دایک تا کۆتایی رێگاکەو، روناکیی شاخی گۆیژەو نەخشەی کوردستان و ناوی “سلێمانی” لەسەر شاخی گۆیژە بە وزەی خۆر.
هاوکات کۆمپانیاکە بەڵێنیداوە پێنج هەزار نەمام لە شاخی گۆیژە بچێنێت.