نەوتفرۆشێك: خواستی لەسەر نییە

نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی ماڵان  15 هەزار دیناری لێبووەتەوە

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

نرخی نەوتی سپیی ماڵان بەراورد بە دوو هەفتە پێش ئێستا 15 هەزار دینار هەرزان بووە و نرخی بەرمیلێك نەوت ئێستا 155 هەزار دینارە.

لەبارەی هۆكاری هەرزانبوونەكەی، شیروان حەسەن فرۆشیارێكی نەوتە و بە 964ی وت، لە ماوەی دوو هەفتەدا نرخی نەوت 15 هەزار دیناری لێبووەتەوە، لەبەرئەوەی خواستی خەڵكی لەسەر نییە، نرخەكەشی لە 170 هەزارەوە بووەتە 155 دینار و بەو نرخە دەیگەیەنینە بەردەم ماڵەكە.

ئەو نەوتفرۆشە باس لە هۆكاری هەرزانبوونی دەكات و وتی، دابەشكردنی نەوتی حكومی كاریگەری زۆری هەیە لەسەر دابەزینی نرخەكەی و بازاڕی فرۆشتنی تەواو لاواز كردووە، هەروەها گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار هۆكارێكی دیكەیە و خواستی خەڵكیشی بۆ كڕینی نەماوە و پێشووتر نەوتی خۆیان عەمبار كردووە.

رێكەوت محەمەد، بریكارێكی دابەشكردنی نەوتە و بە 964ی وت، ئێستا بازاڕی نەوت خراپە و لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا رۆژانە نرخەكەی بە لیتر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و كەمیكردووە، ئێستا لەبازاڕدا نەوت زۆرە و خواست كەمە، لەبەرئەوەی سەرماوسۆڵە نەهاتووە و هەر هەواڵی كەمبوونەوەشی لە بازاڕدا بڵاوبێتەوە، یەكسەر نرخەكەی دەفڕێت.

لەناو شاری سلێمانیدا لە كۆی 10 مەڵبەند، تا ئێستا شەش مەڵبەند نەوتی سپیی بەسەردا دابەشكراوە، كۆی بەشە نەوتی پارێزگاكەش بە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕینیشەوە 104 ملیۆن لیترە و لەو رێژەیەشدا تا ئەمڕۆ 60 ملیۆن لیتر بەسەر ماڵاندا دابەشكراوە، كە دەكاتە %58 كۆی بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێ...

لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت